ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤(٢٨/٢/٢٠٢٦)، کۆنگرەی ساڵانەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سویس بە بەشداریی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کۆنگرە لە شاری بیل بیەن بەڕێوە چوو.
میدیا پیرۆتی نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لە سویس بانگهێشتی ئەو کۆنگرەیە کرابوو.
لە بڕگەیەکی کۆنگرەدا گەڵاڵەیەک لەسەر بابەتی مافی مرۆڤ و هەڵوێستگرتنی دەوڵەتی سویس بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی خرایە بەرباس ؛ نوێنەری حیزب لە سویس لێدوانێکی لەسەر ئەو گەڵاڵەیە پێشکەشی کۆنگرە کرد و ئاماژەی کرد کە دەبی دەوڵەتی سویس هەڵوێستی ڕوونتر بەرانبەر بە ئێران بگرێتە بەر و چۆن یەکیەتیی ئورووپا سپای پاسدارانی لە لیستی تێرۆر داناوە سویسیش لەسەر ئەو بابەتە شێلگیرانەتر هەڵسوکەت بکا و وەک وڵاتێکی بێلایەن بۆی نییە لەگەڵ سیستمێکی تێروریستپەروەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سیاسی بکا.
پیرۆتی باسی ئەوەی کرد کە نەتەوەکانی ئێران تا ئێستا دێموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییان چ لە سەردەمی دەستەڵاتی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی تاقی نەکردووەتەوە و لە وڵاتێکی ئازاد نەژیاون بەڵام ئومێد بۆ ئازادی لە ئێران هەیە چونکە هێزی سیاسیی دێموکراتخواز لەو جوغرافیایە بوونیان هەیە کە بۆ ئازادی و دێموکراسی خەبات دەکەن.
بۆ نموونە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٨٠ ساڵ پێش کۆمارێکی بە نێوی کۆماری کوردستان لەسەر بنەمای دێموکراسی دامەزراندووە و بڵێسەی ئاگری ئازادی و دێموکراسیی لەنێو گەلانی ئێران هەر بە گەشاوەیی هێشتووەتەوە و تاکوو ئەوڕۆش هەر بەردەوامە و دیتمان لە شۆڕشی ژینادا کورد لە نەتەوە پێشڕەوەکان بوو کە بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا قوربانی و تێچوویەکی زۆری پێشکەش کرد.
نوێنەری حیزب داوای لە وڵاتی سویس کرد کە شتێک وەک پەیمانی لۆزان دووپات نەبێتەوە و بۆ بڕیاردان لەسەر کوردستان مافی گەلی کورد لەبەرچاو بگیرێ و لە دانووستاندا بەشدار بن.
هەروەها د.ئاسۆ حەسەنزادە وەک پسپۆڕێکی شارەزا لەسەر سیاسەتی ئێران و کوردستان میوانی تایبەتی کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دێموکرات بوو و بابەتێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی ئێران و کوردستان پێشکەش کرد و نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە لە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێران ئەو ڕێژیمە بە ڕێژیمێکی دیکەی دیکتاتۆر ئاڵووگۆڕی پێ نەکرێ و مافی گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی پشتگوێ نەخرێ . بەو هێرشانەی ئێستاش کە لەلایەن ئامریکا و ئیسرائیلەوە دەستی پێ کردووە ڕێژیمی ئێران لاوازترین قۆناغەکانی دەستەڵاتی خۆی تێدەپەڕێنێ و بەرەو ڕووخان دەڕوا .
سویس دەتوانێ دەورێکی کاریگەر لەسەر دامەزراندنی سیستمێکی ئازاد و دێموکرات بۆ هەموو نەتەوەکان لە ئێراندا بگێڕێ.