لە شاری هانۆفێری ئاڵمان پێشانگای ''کورسییە بەتاڵەکان'' کە باس لە ژیان ٢٣٠ قوتابی کوژراوی خۆپیشاندانی بەفرانباری ١٤٠٤ دەکات لەلایەن ڕێکخراوەی ڕایەڵەی هاوپەیمانیی مامۆستایانی ئێران کرایەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەشمە، ڕێکخراوەی ڕایەڵەی هاوپەیمانیی مامۆستایانی ئێران لە دەرەوە پێشانگایەکی بە ناوی پێشانگای ''کورسییە بەتاڵەکان'' بەڕێوە برد کە لەودا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی ٢٣٠ قوتابی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ و ٢٠ ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، وێنە و کورتەیەک لە ژیاننامەی ئەو قوتابیانە پێشانی بەشدار بووان دران.
محەممەد قوربانی مامۆستای خانەنشین و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو پێشانگایە بە کوردکاناڵی ڕاگەیاند که پێشانگای کورسییە بەتاڵەکان هەوڵێکی مامۆستایانی تاراوگەیە کە بەهاوکاری مامۆستایانی نێوخۆی ئێران کراوە و ئەوان توانیویانە کوژرانی ٢٣٠ قوتابی لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دا پشتڕاست بکەنەوە.
قوربانی هەروەها ڕایگەیاند که پێشانگای کورسییە بەتاڵەکان لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ مارسی ٢٠٢٦ لە شاری هانۆڤێری ئاڵمان بەڕێوە دەچێت و ئەو پێشانگایە بە هاوکاری ڕێکخراوەی نوێەرایەتیی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە هانۆڤێر، شارەوانی هانۆڤێر و سەندیکای پەروەردە و زانستی ئاڵمان بەڕێوەچووە.
ناوبراو لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا بە کوردکاناڵی وت کە دوو ڕێکخراوەی ئێرانی "کۆمەڵەی فەرهەنگی_سیاسی هانۆڤێر " و کانوونی چالاکانی دێمۆکرات_سۆسیالیسیتی هانۆڤێر بۆ ڕێکخستنی پێشانگای کورسییە بەتاڵەکان هاوکاری ڕایەڵەی هاوپەیمانیی مامۆستایانی ئێران لە دەرەوەیان کردووە.
ڕایەڵەی هاوپەیمانیی مامۆستایانی ئێران جەختی کردەوە کە بە مەبەستی ڕیسواکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرز ڕاگرتنی یادی قوربانیان، بڕیارە لە داهاتوودا ئەم پێشانگایە لە شارە جیاوازەکانی تری ئورووپا بەڕێوە بچێت.