کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی کورد و لایەنە ئاڵمانییەکان لەسەر دۆخی شەڕ و هێرشەکانی تاراندا کۆ بوونەوە

17:51 - 23 رەشەمه 2725

ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، شەش حیزبی ئەندامی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" لە دیدارێکی ئانلایندا لەگەڵ حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان و ئەنستیتۆی "فریدریش ئێبێرت"، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا، مستەفا قازیزادە، بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، تیشکی خستە سەر هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جەختی کردەوە کە تاران دەیەوێت کورد تێوەگلانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات.

 نوێنەرانی حیزبەکانی بەشدار (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی) ئاماژەیان بە هێرش بۆ سەر کەمپی بنەماڵەکان و مەترسیی ژینۆساید و کارەساتی مرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

بەشداران جەختیان کردەوە کە شەڕی ئێستا پەیوەندیی بە خەڵکەوە نییە و پێویستە وڵاتانی کۆمەڵگەی جیهانی پشتیوانی ماف و داخوازییەکانی نەتەوەکانی ئێران بێت، هەروەها داهاتووی وڵات بەبێ بەشداریی کورد مەحاڵە.

لە وەڵامی پرسیاری نوێنەرانی ئاڵماندا، قازیزادە باسی لە "هاوپێوەندیی گشتگیر" کرد و ڕایگەیاند بەهۆی نەبوونی بەدیلێکی سەرتاسەری، ئێستا ڕێبەرایەتیی فیکریی سیاسیی ئێران کەوتووەتە ئەستۆی کورد.

 هاوکات نوێنەرانی کورد دەنگۆی چەکدارکردنیان لەلایەن ئەمریکاوە ڕەت کردەوە. لە کۆتاییدا هەردوولا بڕیاریان دا لەسەر ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییانە بەردوم بن.