کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان لە هۆڵەند بۆ پشتگیری لە ڕۆژهەڵات

10:03 - 25 رەشەمه 2725

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی ڕەشمەمە، لە شاری لاهەی وڵاتی هۆڵەند، "کۆمیتەی کاری هاوبەشی کوردستانی" کۆبوونەوەیەکی گرنگی بە ئامانجی تاوتوێکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشهاتەکانی ئێران ڕێکخست.

 کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێکرد و تێیدا نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار بوون.

ئازاد محەممەدیانی وەک نوێنەری حیزبی دێموکرات تیشکی خستە سەر گرنگی هاوپەیمانی هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان و ئەو دەرفەتانەی بۆ خەبات ڕەخساون، هەروەها باسی لە ئەگەرەکانی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و پێگەی کورد لە داهاتووی سیاسی ناوچەکەدا کرد.

 نوێنەرانی لایەنەکان جەختیان لە پاڵپشتی بێدرێغ بۆ ڕۆژهەڵات کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک دەربڕی.

 لە بەرامبەردا نوێنەری حیزبی دێموکرات وێڕای سوپاسی ئەو هەڵوێستە نەتەوەییە، داوای کرد کە ڕێز لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی ڕۆژهەڵات بگیرێت و لە ڕووی میدیاییەوە پشتگیری بکرێن.

 ئەم کۆبوونەوەیە کە چوار کاتژمێری خایاند، بە جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتوویی و هاوکاری نێوان لایەنەکان کۆتایی هات.

حیزبە بەشداربووەکان بریتی بوون لە:

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان

پارتی ئازادیی کوردستان

پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان

یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

پارتی دێموکراتی کوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان

پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە

پارتی دێموکراتی باکووری کوردستان

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان(رۆژئاوا)

یەکیەتی دێموکراتی کوردستان(رۆژئاوا) 

پارتی ئازادی ژنی کورد(رۆژئاوا)

پارتی دێموکراتی پێشڕەو (ڕۆژئاوا)

ئەنجومونی نیشتمانیی کورد(رۆژئاوا)