ڕۆژی شەممە، ٢٣ی ڕەشەمە، بە دەسپێشخەریی کۆمەڵێک لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی وڵاتی ئوتریش، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە ناوەندی شاری ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو.
ئامانجی سەرەکیی چالاکییەکە ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە مەترسییەکانی سەر گەلی کورد لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا بوو.
بەڕێوەبەرانی گردبوونەوەکە لە وتارەکانیاندا جەختیان لەسەر چەند خاڵێکی هەستیار کردەوە، لەوانە:
-مەترسیی کۆمەڵکوژیی کورد و پێویستیی یەکگرتوویی نیشتمانی.
-داواکاری بۆ پێکهێنانی ناوچەی دژەفڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
-ڕێگریکردن لە مینڕێژکردن و میلیتاریزەکردنی ناوەندە مەدەنییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.
-پاراستنی گیانی زیندانییانی سیاسی و مەحکوومکردنی پچڕانی ئینتێرنێت بۆ شاردنەوەی تاوانەکان.
لە بەشێکی تری چالاکییەکەدا، وتارێک بە زمانی ئاڵمانی لەسەر ئامانجەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و ڕوانگەیان بۆ پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرا. هەروەها خاتوو بەهار ئازادمیهر وتاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی کوردی خوێندەوە.