کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری خالید عەزیزی لەگەڵ ''دامەزراوەی جوولەکە بۆ ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا''

10:48 - 25 رەشەمه 2725

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی دیدارە دیپلۆماتیک و سیاسییەکانی خۆیدا لە ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسان و شارەزایانی ''دامەزراوەی جوولەکە بۆ ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا'' (JINSA) کۆبووەوە.

لەم دانیشتنە پسپۆڕییەدا، جیا لە ئەندامانی دامەزراوەکە، نوێنەرانی چەندین باڵیۆزخانە، توێژەرانی دیار و ڕاوێژکارانی باڵای بواری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامادە بوون.

لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا کە بە پێشوازیی فەرمیی تیمی بەڕێوەبەریی JINSA دەستی پێکرد، وتەبێژی حیزب تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران.

 بەڕێز عەزیزی لە وتەکانیدا ئاماژەی بە هاوپەیمانیی ستراتیژیی شەش حیزبی سیاسیی کوردستان و دەوری میحوەریی حیزبی دێموکرات لە بەرەوپێشبردنی هاوکارییە هاوبەشەکاندا کرد و شرۆڤەیەکی وردی لەسەر ڕەهەندەکانی خەبات و گرژییەکانی ئێستای نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، کاریگەریی تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییە لەسەر هاوکێشەکانی ناوچەکە، داهاتووی سیاسیی ڕێژیمی ئێران و پێگەی ستراتیژیی نەتەوەی کورد لە ئێرانی داهاتوودا تاوتوێ کرا.

کاک خالید عەزیزی هەروەها وەڵامی پرسیارە پسپۆڕییەکانی توێژەران و ڕاوێژکارانی ئامادەبووی دانیشتنەکەی دایەوە سەبارەت بە تواناکانی ئۆپۆزیسیۆن و گۆڕانکارییە ئەگەرەییەکان لە جوغرافیای سیاسیی ناوچەکەدا.

ڕاوێژکاران و شارەزایانی باڵای ئامادەبوو لەم دیدارەدا، وێڕای گرینگ وەسفکردنی ڕوانگەکانی حیزبی دێموکرات، بەها دیپلۆماتیک و شرۆڤەکارییەکانی ئەم دانیشتنەیان بۆ تێگەیشتنی وردتر لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەکە بە زۆر بەرز نرخاند.