کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز لە شاری شتوتگارتی ئاڵمان

11:31 - 25 رەشەمه 2725

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار بۆ پیرۆزراگرتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە شاری شتوتگارت لە وڵاتی ئاڵمان، بە بەشدارییەکی بەرچاوی کوردەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو.

سەرەتای بەرنامەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد.

 پاشان، نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە وتارەکانیاندا جەختیان لەسەر گرینگیی تەبایی، یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم دۆزی کورد.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، کاک ئارەش وەزیری و کاک حوسێن حوسێنی، وەک نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکیان پێشکەش کرد. ناوبراوان لە پەیامەکەیاندا ئاماژەیان بە پێویستیی بەردەوامیی خەبات دژ بە دیکتاتۆری و فاشیزم کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکگرتوویی کلیلی سەرکەوتنی گەلی کوردە.

لە کۆتاییدا ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لەلایەن دایکی شەهیدێکەوە بەردەوام بوو و ئامادەبووان بە شێوەیەکی جەژنی درێژەیان بە بەرنامەکە دا.