کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ناوچەیی و دوورەدیمەنی گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێراندا: ڕۆڵی بزووتنەوەی کوردستان

12:19 - 25 رەشەمه 2725

ئیبراهیم لاجانی

ئەو شەڕەی پتر لە دوو هەفتەیە لە نێوان ئێران لەلایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە لە ئارادایە، لە ئاستی ناوچەکەدا تەنیا وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ئەژمار ناکرێت. ئەو شەڕە ئەگەر لەوە زیاتر درێژە بکێشێت، دەتوانێت ئاکامی زۆر قووڵ و گۆڕانکاریی گەورە لە پێوەندی لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵات و داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتەدا بەدواوە بێت. لە کاتی لێکدانەوەی دۆخێکی ئاوادا، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێشەوە: ئەگەر گوشار و پاڵەپەستۆی دەرەکی ببێتە هۆی لاوازبوونی پێکهاتە و شێوەی دەسەڵات لە ئێراندا، کام لە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە شێوەپێدانی سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێرانی ئایندەدا ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لەو پێوەندییەدا بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان جێگایەکی تایبەتی هەیە.

بۆ تێگەیشتن لەو پرسە، باشتر وایە لە پێشدا چاوێک بە ئەزموونە مێژووییەکاندا بخشێنین. مێژوو ئەوەمان وەبیر دەهێنێتەوە کە ڕێژیمە دیکتاتۆر و تەواویەتخوازەکان، تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی گوشاری نێوخۆییەوە نەڕووخاون. ئەو جۆرە ڕێژیمانە بە شێوەیەکی ئاسایی خاوەنی دامودەزگای ئەمنیی بەربڵاو، ڕایەڵکەی ئابووریی بەرینی سەربەدەسەڵات و ئامرازی زۆر و کاریگەری کۆنترۆڵ و سەرکوتی کۆمەڵایەتین؛ ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە نێوخۆوە ببێتە کارێکی سەخت و دژوار. لە مێژووی هاوچەرخدا زۆر نموونەی لەو جۆرەمان هەن؛ وەک ڕووخانی حکوومەتی نازی لە ئاڵمان، کۆتایی زۆربەی ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکانی ئورووپای ڕۆژهەڵات و ڕووخانی ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەو چەند دەیەی دواییەدا. هەموو ئەو نموونانە نیشانی دەدەن کە گوشاری دەرەکی و گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی سیاسیدا بگێڕن.

لە دۆخێکی ئاوادا، شەڕ دەتوانێت وەک شۆکێک بێت بۆ سەر قەوارەی دەسەڵاتی سیاسی؛ شۆکێک کە بناغەکانی سیستەمی سیاسیی زاڵ دەخاتە لەرزە و دەرفەت بۆ هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پێک دەهێنێت تا ئەوانیش بێنە مەیدان و کاریگەریی خۆیان نیشان بدەن. بەو حاڵەش، ئەزموونە مێژووییەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕووخانی ڕێژیمێکی دیکتاتۆری بەتەنیا نابێتە هۆی جێگیربوونی دێموکراسی. ئاکامی کۆتایی ئاڵوگۆڕەکان بەستراوەتەوە بە توانایی، کارایی و کارکردی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکان لە پێوەندی لەگەڵ بنیاتنانی سیستمێکی تازەدا.

یەکێک لەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کاریگەرانەی کە بە درێژایی ئەو چەند دەیەی دوایی لە ئێراندا، توانا و کارایی خۆی لە ڕێکخستنی سیاسی، بردنەپێشی خەبات و ڕاگرتنی ئاڵای بەربەرەکانی دژی سەرەڕۆیی و ئیستبدادی سیاسی نیشان داوە، بزووتنەوەی سیاسی و ئازادیخوازانەی کوردستانە. کوردستان لە هەشت دەیە لەمەوبەرەوە تا ئێستا، بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە ڕووی چالاکیی سیاسی و حیزبایەتی و فەرهەنگ و کولتووری دێموکراسیخوازییەوە، چالاکترین بەشی ئێران بووە. پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، ئامادەیی بەرچاوی کۆمەڵگەی مەدەنی و میراتی خەباتگێڕانە بۆ مافە کولتووری و سیاسییەکان، ئەو تایبەتمەندییانەن کە کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران جیا دەکەنەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی کوردستان، بریتییە لە هەبوونی فەرهەنگی حیزبایەتی و فرەحیزبی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. لە کاتێکدا کە لە ناوچەکانی دیکەی ئێراندا چالاکیی حیزبی و ڕێکخراوەیی زۆر سنووردار و ناڕێکخراو بووە، لە کوردستاندا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، نەخشێکی کاریگەریان لە گەڵاڵەکردن و هێنانەگۆڕێی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکدا بینیوە. ئەو حیزبانەی لەو ناوچەیەدا تێکۆشانیان هەبووە، بێجگە لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی، لە بوارەکانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ڕۆشنگەرییشدا کاریگەرییان لەسەر خەڵک بەجێ هێشتووە. بۆیە ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە دەتوانێت لە سەردەمی تێپەڕین لە ڕێژیمی دیکتاتۆرییەوە بۆ سیستمێکی دێموکراتیک، گرنگییەکی زۆری هەبێت؛ چونکە بۆ بنیاتنانی سیستمێکی دێموکراتیک، پێویستیمان بە ڕێکخراو و ناوەند و دامەزراوەی سیاسیی دێموکراتیک هەبێت.

بێجگە لە حیزب و فەرهەنگی حیزبایەتی، فەرهەنگی خەبات و بەرخۆدان و بەربەرەکانیش لە کوردستاندا بە فاکتۆرێکی گرنگ لەقەڵەم دەدرێت. بە درێژایی هەشت دەیەی ڕابردوو، کوردستان ئەزموونێکی زۆر و جۆراوجۆری لە خەباتی سیاسی، بەرخۆدانی مەدەنی بەرانبەر سەرکوت و زەبروزەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەکۆمەڵ بەرانبەر سەرەڕۆیی و زوڵم و ستەم و هەڵاواردن وەدەست هێناوە. ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە نەک هەر بووەتە مایەی شێوەگرتنی ناسنامەیەکی سیاسیی تایبەت لە کوردستاندا، بەڵکوو بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە وشیاریی سیاسیی بەکۆمەڵ سەبارەت بە مافی هاوڵاتیبوون، دادپەروەریی سیاسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی دێموکراتیکی خەڵک بۆ بەشداری لە کاروباری سیاسیدا.

مەسەلەیەکی گرنگی دیکە کە پێویستە باسی بکەین، ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکانیان خوازیاری دێموکراسی و ماف و ئازادییەکانی مرۆڤن. زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەو چەند دەیەی دواییەدا، دیسکۆرسەکانی وەک ئۆتۆنۆمی، فیدراڵیزم، حکوومەتی خۆجێیی، دابەشکردنی دەسەڵات، هاوبەشی لە دەسەڵاتدارێتیدا، ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ، مافەکانی ژنان و منداڵان و کەمایەتییەکانیان لە بەرنامە و پڕۆگرامی سیاسیی خۆیاندا گونجاندووە. ئەو چەمکانە بەشێکی گرنگی تێرمینۆلۆژیی ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخی جیهان پێک دەهێنن و وەک ئامراز و میتۆدی قبووڵکراو بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەی وڵات و کۆمەڵگە فرەنەتەوە و فرەفەرهەنگەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

لە سیناریۆیەکی گریمانەییدا، ئەگەر شەڕ و گوشاری دەرەکی ببێتە هۆی لاوازبوون و وەلەرزەکەوتنی قەوارە و پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا، هەبوونی ئەو هێز و ڕێکخراوە سیاسییانە لە کوردستاندا، بەتایبەتی دوای پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستانی، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لەوەدا ببینێت کە نەیەڵێت بۆشایی دەسەڵات بێتە پێشەوە و کۆمەڵگە بەرەوڕووی ئاژاوە و بێسەروبەری ببێتەوە. کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆی ئەوەی ئەزموونێکی دوورودرێژی لە کاری حیزبی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا هەیە، دەتوانێت وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە شێوەپێدانی نەزمی سیاسی و سیستەمی دەوڵەتیی داهاتووی ئێراندا دەور بگێڕێت.

لەو ڕوانگەیەوە، کوردستان دەتوانێت ببێتە سەرمەشق بۆ هەموو ناوچەکانی دیکەی وڵات. فەرهەنگی حیزبایەتی و پلۆرالیزمی سیاسی و ئایینی و کولتووری، بەشداریی دەستەجەمعی لە کاروباری سیاسیدا و پێداگرتن لەسەر مافە سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییەکان، ئەوەمان نیشان دەدات کە تەنانەت کۆمەڵگە فرەنەتەوە و فرەفەرهەنگەکانیش دەتوانن پێکهاتەیەکی سیاسیی دێموکراتیک دامەزرێنن و پەرەی پێ بدەن. ئەوەش بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران کە گیرۆدەی دەستی ناوەندگەرایی و لاوازیی ناوەند و دامەزراوە دێموکراتیکەکانن، دەتوانێت سەرچاوەی ئیلهام و جێگای دەرس لێوەرگرتن بێت.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، هاتنەپێشی هەلومەرجێکی ئاوا و گێڕانی ڕۆڵێکی لەو شێوەیە، پێوەندیی بە گەلێک هۆکار و فاکتۆرەوە هەیە: ١. هێزە دێموکراتیکەکان دەبێت لە سەرانسەری ئێراندا بتوانن جۆرێک لە هاوکاری و هاوئاهەنگیی سیاسی لە نێوان خۆیاندا پێک بهێنن. ٢. بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا، داخوازییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و دێموکراتیکدا گەڵاڵە بکەن. ٣. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت پشتیوانی نەک هەر لە گۆڕانکاریی کورتخایەن، بەڵکوو لە هێزە دێموکراتیکەکان و پرۆسەی دێموکراتیزەکردن لە ئێراندا بکات.

مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە شەڕ دەتوانێت ببێتە سەرەتای دەستپێکردنی گۆڕانکاریی سیاسی، بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکانن کە شێوە و مەودای ئاڵوگۆڕەکان و چۆنیەتی و دەرەنجامی ئەو گۆڕانکارییانە دیاری دەکەن. ئەگەر لە ئاکامی ئەو شەڕەدا هەلومەرجێک بێتە پێشەوە کە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە قەوارە و پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران، ئەوا ڕۆڵی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دێموکراتیکەکان چارەنووسساز دەبێت. لەو نێوەدا بزووتنەوەی کوردستان بەهۆی ئەو ئەزموونە مێژووییەی کە لە حیزبایەتی و میراتی خەباتگێڕانەی سیاسیدا هەیەتی، دەتوانێت نەخشێکی کاریگەری لە شێوەپێدانی داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیکدا لە ئێراندا هەبێت.