کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەقاودانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا

19:06 - 25 رەشەمه 2725

ڕێپۆرتێری تایبەتیی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند خەڵکی ئێران مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و گۆڕانکاریی بنەڕەتییان دەوێت.

"مای ساتۆ" ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، لە شەست‌ویەکەمین دانیشتنی شوڕای مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ ڕایگەیاند، لەوەتەی ناوبراو دەست بەکار بووە پێشێلکارییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر بوون. ناوبراو ئاماژەی بە سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ کرد کە لەودا کۆماری ئیسلامی هەزاران کەسی کوشت و دەیان هەزار کەسی دەسبەسەر کرد کە زۆر لەوان پارێزەران و کادری دەرمانی بوون.

ساتۆ ڕەخنەی لە سیاسەتی ڕێژیم گرت کە خۆپیشاندەران بە "تێرۆریست" و کەمایەتییە ئایینییەکان بە "داردەستی بێگانە" ناو دەبات و هۆشداریی دا کە ژمارەیەک منداڵیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا "سارا حوسێن"، سەرۆکی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، ئاشکرای کرد ڕێژیم چەکی شەڕی دژی خۆپێشاندەران بەکار هێناوە.

لە ڕاپۆرتی ناوبراودا باسی ئەوەش کراوە کۆماری ئیسلامی بێلایەنیی پزیشکیی پێشێل کردووە؛ بە جۆرێک کە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکان و بریندار و پزیشکەکانیان دەسبەسەر کردووە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تەیموور ئەلیاسی، بەرپرسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ژنێڤ  لە پێوەندی لەگەڵ ڕەوشی کوردستانی ئێران لە شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل ڕایگەیاند سپای پاسداران خەڵکی کوردستان وەک قەلغانی مرۆیی بەکار دێنێ و لە شوێنە گشتییەکان وەک مزگەوت، مەدرەسە، نەخۆشخانەکان و هۆڵی بۆنەکان بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی کەلک وەردەگرێت. لەو پەیامەدا هەروەها هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران و میلیشیا شیعەکانی هاوپەیمانی ئێران دژی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور بە توندی مەحکووم کراوە.