ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕزگار ئالانی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا، لە تالاری پارلەمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ژمارەیەک لە پارلەمانتاران و لۆردەکانی بریتانیا کۆ بووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات بە ناوی دەفتەری سیاسی و سکرتێری گشتیی حیزبەوە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ئەندامانی پارلەمان کرد بۆ هەڵوێستەکانیان و پێکهێنانی ئەم گرووپە تایبەتە بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ناوبراو لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە، بارودۆخی نێوخۆی ئێران و بەتایبەت دۆخی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێز "لوک ئاکێهێرس"، بەرپرسی گرووپی پارلەمانتارانی بریتانیا بۆ پرسی کوردستانی ئێران، وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەری حیزب، جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکان و بەردەوامیی کارەکانی ئەم گرووپە کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حیزب وەڵامی چەندین پرسیاری پارلەمانتارانی سەبارەت بە نوێترین ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێران و کوردستان دایەوە.
لەو دیدارە دیپلۆماسییەدا، هەریەک لە بەڕێزان "مەولوود سوارە" و "جەک هێر" ئامادە بوون و بەشداریی گفتوگۆکانیان کرد.
جێگای ئاماژەیە، گرووپی پارلەمانتارانی بریتانیا بۆ پرسی کوردستانی ئێران (APPG)، لە ڕێکەوتی ٣ی فێورییەی ٢٠٢٦، دوای هەوڵ زۆری دیپلۆماسیی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات، بە مەبەستی پەرەپێدان بە دۆزی کورد لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی بریتانیا دامەزرا.