کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین وەلی فەقیهـ!

21:32 - 27 رەشەمه 2725

ڕەزا دانشجوو

هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک جێنشینی عەلی خامنەیی، دیکتاتۆری لەنێوچووی کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک شتێکی سەرنجڕاکێش و پێشبینی‌نەکراو نەبوو. پڕۆسەیەک کە لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە بە سەرپەرشتی و کارگێڕیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی سپای پاسداران دەستی پێکرد و دواتر بە شێوەکێ زۆر ئاشکرا خرایە بەر سەرنجی کۆمەڵگەش. ڕاستی ئەوەیە بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی لە چەند ساڵی رابردوودا چاودێریی ڕووداوەکانی نێو دەسەڵاتی ڕێژیم بوون، زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو بوو کە موجتەبا خامنەیی تاکە بژاردەیە بۆ جێنشینی دیکتاتۆری پیری کۆماری ئیسلامی. بەڵام واقیعەکە ئەوەیە ڕێبەری نوێی ڕێژیم کە دوای برینداربوونی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە یەکەم ڕۆژی شەڕدا مان و ژیانی لە مەترسی‌دایە، تەنانەت لە ئەگەری ئەوەی زیندووش بمێنێت، داهاتووی حوکمڕانییەکەی بەرەوڕووی چەندین ئالەنگاریی گەورەیە کە پێدەچێت زاڵبوون بەسەریاندا مەحاڵ بێت!

 

بەردەوامی شەڕ

هەرچەندە دۆناڵد ترامپ لە قسەکانیدا سەبارەت بە درێژەدان بە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا زۆر جیاواز دەردەکەوێت، بەڵام چاوخشاندنێک بە کەسایەتیی و شێوازی هەڵسوکەوتکردنی لەگەڵ ڕووداوەکان نیشان دەدات هێرشەکان لانیکەم تا گەیشتن بە خاڵێکی دیاریکراو کە تێیدا کۆماری ئیسلامی زۆربەی تواناکانی بەرگریی خۆی لەدەست بدات یا بە تەسلیمبوون ڕازی بێت؛ بەردەوام دەبن. ئاشکرایە کە ئیسرائیل و نەتانیاهووش نایانهەوێت بە ئاسانی ئەم دەرفەتە زێڕینەی لەدەست بدن کە پاڵپشتی ترەمپ پێی بەخشیون و لە دۆخێکی نادیاردا کۆتایی بە شەڕە بهێنێن. سەرکردەکانی ئیسرائیل چەندین جار دانیان بەوەدا ناوە کە لە سەردەمی هیچ سەرۆکێکی دیکەی ئەمەریکادا ئەوەندە ئازادیی کارکردن و پشتیوانییان نەبووە!

خاڵێکی تری گرنگ کە نابێت سەبارەت بە ئەمریکا پشتگوێ بخرێت، تێچووی ئەم شەڕەیە کە ڕەنگە بگاتە ملیاردها دۆلار! نەگەیشتن بە خاڵێکی دیاریکراو یان ڕێککەوتنێکی ئەگەری کە بەتەواوی داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، دۆناڵد ترامپ و کۆماریخوازەکان دەخاتە دۆخێکی زۆر خراپەوە و ڕەنگە ڕووبەڕوی ڕەخنەی توندی کۆمەڵگەی ئەمریکا بەتایبەت دەنگدەران و لایەنگرانی ترامپ ببنەوە. ترامپ دەیەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان وڵامێکی گونجاو بۆ هۆکاری ئەم هێرشە و قەرەبووکردنەوەی تێچووی ئەم شەڕە بدۆزێتەوە، جا یان بە لەکارخستن و خاپوورکردنی بەشی سەرەکی توانایی نیزامی کۆماری ئیسلامی یان بە سەپاندنی ڕێکەوتنی زۆرەملێ و تەسلیمبوون و یان لە کۆتاییدا ئەگەر بکرێت بە ڕووخانی ڕێژیم!

ڕاستی ئەوەیە موجتەبا خامنەیی هیچ  زانیارییەکی لەسەر ئاڵۆزییەکانی دۆخی ئێستا نییە و ئەوەی بە ناوی ئەو و پەیامە نووسراوەکەیەوە بڵاو بۆوە زیاتر لە هەموو شتێک ئاماژەیەکە بۆ هەژموونی و دەسەڵاتداریی  ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران بەسەر هەموو کاروباری ڕێژیمدا. لە ڕاستیدا ئەم بەیاننامەیە نیشانی دا کە لانیکەم لە دۆخی ئێستا و لەگەڵ ئەگەری برینداربوونی موجتەبا خامنەیی، سپای تێرۆریستی پاسداران بە شێوەیەکی کاریگەر وڵات بەڕێوە دەبات. ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش کە دەرخەری ئەم ڕاستییە ئەوەیە تەنانەت پێش ناساندنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ڕێژیم لە ماوەی کورتخایەنی ئەنجومەنی ڕێبەریی کاتیدا، لێدوانێکی کورتی پزیشکیان سەبارەت بە داوای لێبوردن لە وڵاتانی دراوسێ ڕووبەڕوی کاردانەوەی توندی سوپای پاسداران بۆوە و نیشانی دا کە ڕێژیم بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن سپای پاسداران بەڕێوە دەبرێت. بۆیە دەبێ بگوترێت کموجتەبا خامنەیی لە ئێستادا هیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی وڵات بە شێوەکی گشتی و ڕووداوەکانی شەڕ بە تایبەت نییە و ئەوە ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسدارانە کە بە ناوی ڕێبەری تازەی ڕێژیم  بڕیار دەدات و جێبەجێی دەکات.

 

پێگەی سیاسی

هەڕچەنده هەڵبژاردنی عەلی خامنەیی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دوای مردنی خومەینی خۆی له خۆیدا چیرۆکێکی سەیر و جێی ئاماژەیە و لە ڕاستییدا دیکتاتۆری مردوو بۆ وەرگرتنی کورسیی ڕێبەری ڕێژیم قەرزداری گێرانەوە دروێنەکانی هاشمی ڕەفسنجانی بوو، بەڵام پێویسته بگوترێت که عەلی خامنەیی کەسایەتییەکی ناسراوی کۆماری ئیسلامی بووە و له سەڕەتای سەقامگیربوونی ڕێژیم، چ له شۆرای کاتی ئینقلابی ئیسلامی، چ دواتر له مەجلیسی ڕێژیم، یان وەک سەڕۆک کۆمار، هەمیشە یەکێک بوو لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕێژیم. سەرەتای هەموو ئەم پۆست و پێگە سیاسییانە، عەلی خامنەیی لە ساڵانی سەرەتایی ڕێبەرییدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووە و لەلایەن زۆرێک لە ئاخوندەکانی دەستڕۆیشتووی و ناسراوی شیعە گومانی جددی لە توانایی ڕێبەری هەبوو. لە ڕاستیدا تەنیا تێپەڕبوونی کات و بێگومان سەرکوتکردن و گۆشەگیرکردنی هەندێک لە نەیاران بوو کە خامنەیی گەیاندە ئەو قۆناغە کە بتوانێت بە تەواوی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرت. بەراورد بە باوکی دۆسیەی موجتەبا خامنەیی، جێی دوودڵی و بێمتمانەیی زۆر زیاترە. موجتەبا لە دامودەزگاکانی ڕێژیمدا هیچ ئەزموونێکی تایبەتی نییە و جگە لە خوێندن دەرسی مەلایەتی لە حوجرەدا هیچ کارێکی دیکەی نەکردووە. ڕەنگە گرینگترین چالاکیی وەلی فەقیهی تازە، پیلانگێڕی و داڕشتنی پلان دژی نەیاران لە پشت پەردەوە و ئەندازیاری پروسەی بە ناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم و دانانی کەسانی نزیک لە خۆی بێت!

دیارە مرۆڤێکی لەو جۆرە هەرگیز ناتوانرێت لەلایەن سیاسەتمەدارە ناسراوەکان و ئاخوندە دەستڕۆیشتوو و خاوەن پێگەی ڕێژیم بەئاسانی  قبوڵ بکرێت!

 

قەیرانی شەرعییەت

واقیعەکە ئەوەیە ئەگەر دیکتاتۆرە گەنجەکە لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕزگاری بێت یان ڕێککەوتنامە و لە ڕاستییدا تەسلیمبوونێکی سەپێنراو قبوڵ بکات، تەنانەت ئەگەر بتوانێت بەسەر ڕکابەرە سیاسییەکانیدا زاڵ بێت و پێگەی سیاسیی خۆی وەک وەلی فەقیهـ مسۆگەر بکات، ئەوا تازە لە سەرەتای ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکاندایە! ئابووریی خاپوورکراو و شەرعیەتی لەبەینچوو هیچ ئابڕوویەکی بۆ ڕێژیم نەهێشتۆتەوە. ئێستا لە ڕوانگەی خەڵکەوە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ڕێژیم پێناسەی خەیانەت و تاوانبارییە و هاوکاری لەگەڵ جینایەتکاران و پیاوکوژانە!

هەنگاوی دواتر زۆر سەختتر و دژوارترە، شەقام و خەڵک تووڕە و بێزار لە ساڵانێک سەرکوتکردن و چەوساندنەوە، چاوەڕێی دیکتاتۆری گەنجن. ڕەنگە ئیستا شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەرەو پەناگەی بردبێن، بەڵام ئیرادە و پاڵنەرەیان بۆ کۆتاییهێنان بەم کابوسە چل و چەند ساڵەیە لە هەمیشە زیاترە! هەموو شمشێر بەدەست، ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی میراتی ڕەشی دیکتاتۆری پیر! ئەگەر دوایین وەلی فەقیهـ لە هێرشی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل نەکوژرێت، بە دڵنیاییەوە دەستی خەڵکی ناڕازی لەناوی دەبات!

ڕۆژانێکی پڕ لە ئازار چاوەڕێی موجتەبا خامنەیین! مردنی ئەو کۆتایی سەردەمێکە! کۆتایی دەسەڵاتێکە! دوایین وەلی فەقێهـ!