کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی "نۆرد ڕاین وێستفالێن"ی ئاڵمان دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان تاوتوێ کرد

10:35 - 28 رەشەمه 2725

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی ڕەشەمە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پارتی سەوزی ئاڵمان و بە سەرپەرشتی خاتوو "بێریڤان ئایماز"، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتی خاتوو "نەرمین عوسمانی" بەشدارییان لە دانیشتنی ١٨٠ی کۆبوونەوەی پارلەمانی هەرێمی نۆرد ڕاین وێستفالێن کرد.

لەم دیدارەدا کە سەرۆکی پارلەمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی حیزبە جیاوازەکانی ئاڵمان ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر دۆخی هەستیاری ئێستا و ڕۆڵی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتوودا.

خاتوو نەرمین عوسمانی لە وتەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی ٤٧ ساڵەی تێرۆر و چەوسانەوەی نەتەوەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، جەختی کردەوە کە ئەم ڕێژیمە نەک تەنیا بۆ گەلی کورد و نەتەوە غەیرە فارسەکان، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهان و ناوچەکە.

ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی لە نێو جەرگەی ئورووپادا، داوای پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد کرد.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، هۆشداری درا لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی جۆرێکی تری دیکتاتۆریەت لە پاشماوەکانی ڕێژیمی پێشوو کە بە دروشمی "یەک ئاڵا و یەک ڕێبەر" هەڕەشە لە فرەچەشنی و دێموکراسی دەکەن.

هەروەها باس لە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی بنەماڵەکانی حیزبە کوردییەکان لە باشووری کوردستان و کاریگەرییە خراپە دەروونییەکانی لەسەر منداڵان کرا.

 ئەم دیدارە بە پێشوازییەکی گەرم و جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان و ڕێکخستنی پرێس کۆنفرانسێک بۆ میدیاکانی ئاڵمان لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی هات.