ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی ڕەشەمە، "میدیا پیرۆتی"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماتیکی لە پارلەمانی سویس لە شاری بێرن ئەنجام دا.
لە دیدارێکدا لەگەڵ "لووکاس ڕایمان"، ئەندامی پارتی گەلی سویس، پیرۆزبایی یەکگرتوویی حیزبە کوردییەکان کرا و نوێنەری حیزب ئاماژەی بەوەدا کە شەڕ و ئاڵۆزییەکان بوونەتە هۆی لاوازبوونی ڕێژیمی ئێران و دروستبوونی دەرفەت بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی. هەروەها، مەترسییەکانی سەر کەمپی پەنابەران لە باشووری کوردستان و بۆردومانکردنی مەدەنییەکان خرایە ڕوو.
لە لایەکی ترەوە، نوێنەری حیزب لەگەڵ خاتوو "فەرەح ڕومی"، جێگری سەرۆکی پارلەمانی سویس کۆبووەوە. لەم دیدارەدا جەخت لەسەر گرنگیی ڕۆڵی دیاسپۆرای کوردی کرایەوە. پیرۆتی داوای کرد سویس هەڵوێستی نێودەوڵەتیی توندتری بەرامبەر توندوتیژییەکانی ڕێژیمی ئێران هەبێت، بەتایبەت لە هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل.
هاوکات، میدیا پیرۆتی بەشداری لە مەراسیمی هەڵبژاردنی "ئارتور برونەر" وەک دادوەری نوێی دادگای فێدڕاڵی کرد و لە گفتوگۆیەکی دیپلۆماتییانەدا، پیرۆزبایی لێکرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی سەروەریی یاسا و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان لە کوردستان و ئێراندا. کۆتایی ئەم دیدارانە بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان و چاودێریکردنی وردی دۆخی کوردان لەلایەن پەرلەمانتارانی سویسەوە هات.