ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، هەیئەتێکی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (ک ن ک) ڕێک خرابوو، لەگەڵ نوێنەرانی پارلەمانی ئاڵمان کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون، چەند تەوەرێکی گرینگ لەسەر بارودۆخی ناوچەکە و داهاتووی سیاسیی ئێران خرانە ڕوو:
نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان باسی لە چۆنیەتیی پێکهاتنی هاوپەیمانیی نێوان هێزە کوردییەکان کرد.
هاوکات مستەفا قازیزادە، نوێنەری حیزبی دێموکرات ئاماژەی بە مێژووی خەباتی کورد دژی کۆماری ئیسلامی و کاریگەریی مانگرتنە سەراسەرییەکانی ساڵانی ڕابردوو کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر هێرشە بەردەوامەکانی تاران بۆ سەر بارەگای حیزبەکان و خاکی هەرێمی کوردستان.
نوێنەرانی کورد بە یەکدەنگی ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی تێگیرانی ناوچەکەیە لە شەڕدا و دەیەوێت بە ڕاکێشانی کورد بۆ ناو ململانێ سەربازییەکان، تۆڵەی شکستەکانی لە خەڵکی کوردستان بکاتەوە.
لە وەڵامی پرسیاری نوێنەرانی حیزبی سەوزەکان و حیزبی چەپی ئاڵمان سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئێران و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە، نوێنەرانی کورد جەختیان کردەوە کە هاوکارییەکانی ئەوان لە چوارچێوەی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ" و "هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی" بەردەوامە، بەڵام سەڵتەنەتخوازەکان لەم چوارچێوە دیموکراسییانەدا ناگونجێن.
هەروەها ئاماژەیان بەوە دا کە ڕووخانی ڕێژیم تەنیا بە دەستی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتەوە دەبێت و هێرشە دەرەکییەکان تەنیا دەسەڵات لاواز دەکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن بڕیاریان دا لەسەر پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان بەردەوام بن.