کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دەوڵەت‌تەوەرەییەوە تا نکوڵیکردن لە نەتەوە: (وەڵامێک بۆ دیبەیتەکەی شەریعەتمەداری-ئەمیرئەحمەدی سەبارەت بە ناسنامەی کوردی)

15:57 - 29 رەشەمه 2725

د. مەنسوور سۆهرابی

بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمە بەرنامەیەکی بە بەشداریی "حەسەن شەریعەتمەداری" و "هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی" پێشکەش کرد، کە تەوەرە سەرەکییەکەی لێکدانەوەی پەیامی هاوپەیمانیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بۆ خەڵک و چالاکانی سیاسیی ئازەربایجان بوو. بەڵام ئەوەی زیاتر لە ئەسڵی هەواڵەکە سەرنجی ڕاکێشا، چوونە نێو باسە تیۆرییەکانی میوانەکان بوو دەربارەی چەمکگەلێکی وەک نەتەوە، نەتەوایەتی و فیدراڵیزم. لەم گفتوگۆیەدا، بانگەشەی نەتەوەنەبوونی کوردان و مەحاڵبوونی فیدراڵیزم لەسەر بنەمای ئەتنیک خرانە ڕوو، کە پێویستییان بە ڕەخنەیەکی جیدی و بەڵگەمەند هەیە. ئەم نووسینە هەوڵ دەدات بەدەر لە پێشگریمانە سیاسییەکان، ئەم بۆچوونانە بە وردی تاوتوێ بکات.

 

١. تێکەڵکردنی نەتەوە و دەوڵەت: وردبوونەوە لە هەڵەیەکی تیۆریی کلاسیک

یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەڵگەهێنانەوەکەی شەریعەتمەداری و ئەمیرئەحمەدی لەم دیبەیتەدا، گرێدانی بوونناسانەی نەتەوە بوو بە بوونی دەوڵەتەوە. شەریعەتمەداری بە دروستکردنی جیاکارییەکی دەستکرد و پلەبەندی لە نێوان نەتەوایەتی و نەتەوەدا، و ئەمیرئەحمەدی بە مەرجدارکردنی پێناسەی نەتەوە بە هەبوونی سەروەریی سەربەخۆ (Statehood)، بە کردەیی چەمکی نەتەوەیان لە چوارچێوەیەکی تەسک و کۆنی دەوڵەت–نەتەوەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا قەتیس کرد.

لە ئەدەبیاتی مۆدێرنی زانستە سیاسییەکان و کۆمەڵناسیدا نەتەوە لە پێکهاتەیەکی یاسایی-سیاسی زیاترە؛ وەک کۆمەڵگەیەکی خەێاڵکرد (Imagined Community) یان گروپێکی مرۆیی پێناسە دەکرێت کە خاوەنی پەیوەندیی قووڵی زمانی، مێژوویی، کولتووری و لە هەمووی گرنگتر، وشیارییەکی سیاسیی بەکۆمەڵە بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی.

ڕەخنەی بنەڕەتی لە دیدگای ئەم دوو میوانە ئەوەیە کە بێتوو بوونی دەوڵەت بە مەرجێکی پێویست بۆ پێناسەی نەتەوە بزانین، ئەوا بەشێکی گەورە لە مێژووی سیاسیی جیهانمان پشتگوێ خستووە. بۆ نموونە، ئایا دەکرێ بگوترێ پۆڵەندییەکان لە سەدەی نۆزدەهەمدا، لەو سەردەمەی کە خاکەکەیان لە نێوان سێ ئیمپراتۆریەتدا دابەش کرابوو و بێ‌دەوڵەت بوون، نەتەوە نەبوون؟ یان ئایا جووەکان پێش پێکهێنانی دەوڵەت لە ساڵی ١٩٤٨ تایبەتمەندییەکانی نەتەوەبوونیان تێدا نەبووە و نەتەوە نەبوون؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێرە.

ئەمڕۆ چەمکی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان (Stateless Nations) لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا پۆلێنبەندییەکی تەواو ناسراوە کە نەتەوەکانی وەک کورد، کەتەلان، باسک و سکۆتلەندییەکان دەگرێتەوە. نەبوونی چەترێکی کیانێکی سەربخۆ و سەروەریی یەکگرتوو، هەرگیز بە مانای نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی (Nationhood) نییە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا، هەر ئەم وشیارییە نەتەوەییەیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی و دەبێتە هاندەر بۆ پێکهێنانی پێکهاتە نوێیە سیاسییەکان یان چێ‌کردنی فیدراڵیزم.

 

٢. کورد و گونجان لەگەڵ پێوەرە زانستییەکانی نەتەوەبوون

لە بەشێکی دیبەیەتەکەدا، بانگەشەی ئەوە کرا کە کوردان تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیان نییە. ئەم بانگەشەیە نە لەگەڵ ڕاستییە مەیدانییەکان دەگونجێت و نە لەگەڵ پێناسە ئەکادیمییەکان. ئەگەر پێوەرە بابەتی و دەروونییەکانی نەتەوەبوون ڕیز بکەین، کورد هەموویانی تێدایە:

زمان و کولتووری جیاواز: زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانییەوە (کرمانجی، سۆرانی، هەورامی، زازایی، گۆرانی و هتد)، تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو هەڵگری دنیابینییەک، ئەدەبیاتێکی نووسراوی کۆن و بەرهەمە مۆدێرنە کولتوورییەکانە کە سنوورێکی کولتووریی ڕوون لەگەڵ فارسی، تورکی و عەرەبیدا دەکێشێت. ئەم جیاوازییە کولتوورییە، بەردی بناغەی ناسنامەی بەکۆمەڵیی کوردە.

بیرەوەریی مێژوویی و گێڕانەوەی هاوبەش: مێژوونووسیی کوردی لە ماوەی سەدەکاندا، "ئێمە"یەکی بەکۆمەڵیی جیاوازی وێنا کردووە. ئەزموونە تاڵ و شیرینە هاوبەشەکان، لە ڕاپەڕینە نێوخۆییەکانەوە تا خەباتە مۆدێرنەکان، بوونەتە بەشێکی جیانەکراوە لە بیرەوەریی بەکۆمەڵی کورد کە وەک یەکەیەکی مرۆیی لە سەرووی عەشیرەت و تائیفەکانەوە بەیەکەوە گرێیان دەدات.

خاک (نیشتمان)ی مێژووییی هاوبەش (کوردستان): ئەگەرچی سنوورە سیاسییە مۆدێرنەکان، خاک و نیشتمانی کوردیان لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش کردووە، بەڵام یەکپارچەیی جوگرافیی ئەم ناوچانە لەژێر ناوی کوردستاندا لە تەواوی نەخشە مێژووییەکان، دەقی ڕۆژهەڵاتناسان و ئەتڵەسە جوگرافییە سیاسییەکانی جیهاندا دانی پێدا نراوە.

چالاکیی و هۆشیاریی سیاسی: ئامادەیی بەردەوامی کورد وەک بلۆکێکی سیاسی لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر هەبوونی ئیرادەیەکی نەتەوەیی.

بۆیە، بانگەشەی نەبوونی تایبەتمەندییەکانی نەتەوە لەبارەی کوردەوە، زیاتر لەوەی داوەرییەکی زانستی بێت، نیشاندەری جۆرە بەرگرییەکی دەروونییە لە ئاست قبووڵکردنی لێکەوتە سیاسییەکانی ئەم ڕاستییە. حاشاکردن لەم ناسنامەیە، بە مانای پشتگوێخستنی داواکارییە بەکۆمەڵەکانی میلیۆنان مرۆڤە کە خۆیان وەک نەتەوە پێناسە دەکەن و ڕێگەی ئەوەشیان پێ نادرێ.

 

٣. دووبارە خوێندنەوەی فیدراڵیزم: لە سەرووی مۆدێلی یەکگرتنی یەکە سەربەخۆکانەوە

ئەمیرئەحمەدی لە شرۆڤەی فیدراڵیزمدا، بە شێوەیەکی کورتکراوە تەنیا بە مۆدێلێکیاین زانی کە تێیدا یەکە پێشتر سەربەخۆکان بۆ بەهێزبوونیان بەیەکەوە یەک دەگرن (مۆدێلی Coming together). ئەم دیدگایە تەنیا بەشێکی بچووکە لە مێژووی فیدراڵیزم و دەستکەوتە گەورەکانی ئەم سیستمە لە چارەسەرکردنی ململانێ ناوخۆییەکان لە نیو سەدەی ڕابردوودا فەرامۆش دەکات.

لە تیۆرییەکانی فیدراڵیزمدا ئێمە ڕووبەڕووی مۆدێلێکی تر دەبینەوە بە ناوی فیدراڵیزمی ڕاگرە (Holding together). لەم مۆدێلەدا، ئامانجی سەرەکی نەک یەکگرتنی وڵاتە سەربەخۆکان، بەڵکوو دووبارە داڕشتنەوەی دەوڵەتێکی مەرکەزی و سادەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵوەشانەوە و پاراستنی یەکپارچەیی خاک لە کۆمەڵگە فرەنەتەوەکاندا. وڵاتانی وەک بەلجیکا، کەنەدا و ئیسپانیا ڕێک لەم ڕێگەیەوە تێپەڕیون. لەم کۆمەڵگەیانەدا، نوخبە سیاسییەکان تێگەیشتن کە سووربوون لەسەر مەرکەزییەتێکی ڕەق، دەبێتە هۆی لێکدابڕانی زیاتر؛ بۆیە بە قبووڵکردنی پێکهاتەی فیدراڵ یان نیمچەفیدراڵ و پێدانی خۆبەڕێوەبەری بە یەکە نەتەوەییەکان (وەک کێبێک لە کەنەدا یان کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا)، توانییان هاوپێوەندیی نەتەوەیی لە ئاستێکی بەرزتر و ئارەزوومەندانەتردا بپارێزن. بۆیە کورتکردنەوەی فیدراڵیزم بۆ ئەزموونی سەدەی هەژدەی ئەمریکا، لەگەڵ زانستی سەردەم ناتەبایە.

 

٤. فیدراڵیزمی ئەتنیکی؛ مۆدێلێکی بەڵگەمەند لە جوگرافیای سیاسیی جیهاندا

یەکێکی تر لە بابەتە پڕ مشتومڕەکان لەم دیبەیتەدا، نکوڵیکردن بوو لە هەبوونی فیدراڵیزم لەسەر بنەمای ئەتنیک لە جیهاندا. ئەم دەربڕینە لە ڕووی زانستییەوە پێچەوانەی ڕاستییە. زاراوەی Ethnic Federalism یان فیدراڵیزمی لەسەر بنەمای ئەتنیک، ئەمڕۆ یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکان لە توێژینەوە بەراوردکارییەکانی سیستمە سیاسییەکاندا. بۆ نموونە:

ئیتیۆپی: ئەم وڵاتە یەکێکە لە نموونە هەرە ڕوونەکانی فیدراڵیزمی نەتەوەیی. دەستووری ساڵی ١٩٩٥ی ئێتیوپی، وڵاتەکەی لەسەر بنەمای سنوورە زمانی و نەتەوەییەکان دابەش کردووە و تەنانەت مافی چارەنووسیشی بۆ ئەم یەکانە بە فەرمی ناسیوە.

بێلژیک: پێکهاتەی سیاسیی بێلژیک بە ڕادەیەک لەسەر بنەمای ناسنامە ئەتنۆ-زمانییەکان (فلاندەرییەکان و واڵۆنەکان) داڕێژراوە کە تەنانەت پارتە سیاسییەکان و سیستمە پەروەردەییەکانیشی لەسەر ئەم بنەمایە جیا کراونەتەوە. ئەم مۆدێلە نەک بۆ جیابوونەوە، بەڵکوو بۆ بەڕێوەبردنی ململانێیەکی قووڵی مێژوویی داڕێژراوە.

هیندستان: بونیادنانەوەی ویلایەتەکانی هیندستان لە ساڵی ١٩٥٦ لەسەر بنەمای سنوورە زمانییەکان، یەکێکە لە سەرکەوتووترین ئەزموونەکانی جیهان لە مهارکردنی هەمەچەشنییە گەورە ئەتنیکییەکاندا. هیندستان بە قبووڵکردنی ڕاستییە زمانییەکان، توانی دێموکراسییەکەی لە بەرانبەر مەترسیی هەڵوەشانەوەدا بپارێزێت.

بۆیە، نکوڵیکردن لە هەبوونی ئەم جۆرە مۆدێلانە لە جیهاندا، نیشاندەری جۆرە پشتگوێخستنێکی بەرژەوەندیخوازانەی ڕاستییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ پێشخستنی ئەجێندایەکی سیاسیی تایبەت.

 

٥. لێکەوتە سیاسییەکانی دەوڵەت‌تەوەرەیی و نکوڵیکردن لە نەتەوە

نکوڵیکردن لە پێگەی کورد وەک نەتەوە، تەنیا جەنگێکی وشەیی نییە، بەڵکوو لێکەوتەی جیدیی لە کایەی کردەییدا هەیە. ئەم ڕێچکەیە لەبەر چەند هۆکارێک ترسناکە:

یەکەم، دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنەکانی گفتوگۆ لە ئێراندا، لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ کورد وەک بکەرێکی سیاسیی هاوسەنگ، وەک کەمینەیەکی پەراوێزخراو بیبینن کە تەنیا دەبێ لە کولتووری زۆرینەدا بتوێتەوە. ئەم تێڕوانینە، ڕێگە لە هەر جۆرە گفتوگۆیەکی یەکسان و دیموکراسییانە دادەخات.

دووەم، ئەم جۆرە مامەڵەیە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی توندڕەوی. کاتێک ڕێگە مەدەنی و یاساییەکان بۆ دانپێدانانی ناسنامەی نەتەوەیی داخرێن، ئارەزووی لێکدابڕان و مەرکەزگریزی لە نێوان گروپە ژێر گوشارەکاندا زیاد دەکات.

سێیەم، ئەم بیرکردنەوەیە لزۆمەن یەکپارچەیی خاک ناپارێزێت؛ بەڵکوو بە دروستکردنی بەربەست لە بەرانبەر مۆدێلە نەرمەکانی دابەشکردنی دەسەڵاتدا (وەک فیدراڵیزم)، وڵات بەرەو دوو جەمسەریی سڕینەوە دەبات. لە کاتێکدا بە فەرمی ناسینی ناسنامە نەتەوەییەکانی نێو ئێران، دەتوانێ ببێتە بنەمایەک بۆ گرێبەستێکی سیاسیی نوێ کە تێیدا هەمەچەشنی، نەک مەترسی، بەڵکوو وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی سەیر بکرێت.

 

٦. فیدراڵیزم لە سەدەی بیست‌ویەکەمدا: ئامرازی هاوپێوەندی، نەک هەڵوەشانەوە

دەرەنجامی کۆتایی ئەوەیە کە ئەو ڕا و بۆچوونانەی لەلایەن شەریعەتمەداری و ئەمیرئەحمەدییەوە خرانە ڕوو، زیاتر لەوەی ڕەنگدانەوەی ڕاستییە هەمەچەشنەکانی جیهانی ئەمڕۆ بن، ڕەگیان لە مۆدێلە هزرییەکانی سەردەمی جەنگی سارد و دەوڵەت-نەتەوە داخراوەکان‌دایە. لە جیهانی هاوچەرخدا، زۆرێک لە وڵاتان بۆ تێپەڕین لە قەیرانە ناسنامەییەکان، بەرەو مۆدێلەکانی دیموکراسیی تەوافوقی و فیدراڵیزمی فرەئاست هەنگاویان ناوە.

کورد بەپێی تەواوی پێوەرە مێژوویی، زمانی و سیاسییەکان، بە نەتەوە ئەژمار دەکرێت. دانپێدانان بەم ڕاستییە و بیرکردنەوە لە مۆدێلەکانی دابەشکردنی دەسەڵات وەک فیدراڵیزم ناکرێ ڕێک بە مانای هەڵوەشانەوە یان پارچەپارچەبوون نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ تێپەڕین لە پێکهاتەیەکی کۆن و مەرکەزی بەرەو سیستمێکی مۆدێرن و فرەخواز کە تێیدا هەموو نەتەوە نیشتەجێبووەکانی نێو جوگرافیایەک، خۆیان لە دەسەڵاتدا بەشدار ببینن. حاشاکردن لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامرازە تیۆرییە بەسەرچووەکان، تەنیا چارەسەری قەیرانەکان دوا دەخات.