کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور زرار سەدیق تەوفیق: نەورۆز جەژنێکی ڕەسەنی کوردییە کە بەستراوەتەوە بە جوگرافیای چیاکانی زاگرۆس و مێژووی نەتەوەی کوردەوە

16:09 - 29 رەشەمه 2725

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: نەورۆز، مانیفێستی ژیانەوەی سروشت و ڕەمزی نەمریی گەلێکە کە مێژووی خۆی بە ئاگر و ئازادی نووسیوەتەوە، لەم وتووێژە تایبەتەدا، دوکتور زرار سەدیق، پسپۆڕی مێژوو، بە ڕوانگەیەکی زانستی و دوور لە سۆز، ڕەهەندە شاراوەکانی جەژنی نەورۆز دەپشکنێت. دوکتور ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە نەورۆز لە تۆمارە شوێنەوارییە دێرینەکاندا بێدەنگە، بەڵام ناسنامەیەکی قووڵی زاگرۆسیی هەیە و لە ناخی ژینگەی کوردستانەوە هەڵقوڵاوە. لە کۆی قسەکانیدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد توانیویەتی ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر لە چیرۆکێکی کۆنەوە بگۆڕێت بۆ مانیفێستێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەیی. هەروەها بە بەڵگەی ئەدەبیی شاعیرانی وەک ئەحمەدی خانی، ڕەسەنایەتیی ئەم جەژنە دەسەلمێنێت و هەوڵەکانی "تەعریب" و "تەفریس" ڕەت دەکاتەوە. ئەم وتووێژە دەیسەلمێنێت کە نەورۆز بۆ کورد، تەنیا ژیانەوەی سروشت نییە، بەڵکوو قەڵغانی مانەوە و سیمبوولی تینوێتییە بۆ ئازادی.

 

ئایا لە ڕوانگەی شوێنەوارناسییەوە، بەڵگەی یەکلاکەرەوە هەیە کە مێژووی سەرهەڵدانی جەژنی نەورۆز لە سەردەمە زۆر کۆنەکاندا بسەلمێنێت؟

ئەگەر بە وردی و بە میتۆدێکی زانستی بڕوانینە پاشماوە شوێنەوارییەکانی گەلانی دێرینی ناوچەکە، لەوانە: گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، مانناییەکان و تەنانەت میدیاکانیش، دەبینین کە جەژنی نەورۆز لەم شوێنەوارانەدا بوونی نییە. تا ئێستا هیچ دەقێکی مێژوویی، نەخشێکی سەرکەوتنی سەر بەرد، یان پاشماوەیەکی مادی نەدۆزراوەتەوە کە بە ڕاشکاوی ئاماژە بە ئەنجامدانی ڕێوڕەسم و ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی "نەورۆز" لەو سەردەمانەدا بکات. ئەم غائیببوونە تەنیا شارستانییەتە زاگرۆسییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو لە شوێنەوارە بابلییەکانیشدا بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر نەورۆز بەو چەمکەی ئێستا، لەبەر دەستدا نییە. تەنانەت لە سەردەمی دەسەڵاتی هەخامەنییەکانیشدا، بەڵگەی یەکلاکەرەوەی شوێنەواریمان نییە. مێژوونووسی ئێرانی «هاشم ڕەزی» لە کتێبەکەیدا (جشن‌های آب)، ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی وردبوونەوە لە نەخشەکانی "تەختی جەمشید"، دەکرێت باس لەوە بکرێت کە تەلارسازییەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە تیشکی خۆر لە سەرەتای بەهاردا (یەکی خاکەلێوە) بە شێوازێکی تایبەت لێی بدات، یان ڕەنگە بۆ سەرەتای پاییز بێت؛ بەڵام ئەمە تەنیا لە ئاستی ئیحتیمال و لێکدانەوەدایە.

هەرچەندە لە نەخشەکاندا دەبینرێت کە نوێنەری نەتەوە و دەوڵەتە جیاوازەکان دیارییان بۆ پاشاکانی هەخامەنشی هێناوە و مەیلی ملکەچییان نیشان داوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی جەژنی نەورۆز یان پیرۆزکردنی ئەو ڕۆژە بووبێت. نیشانە کولتوورییەکانی وەک "کردنەوەی ئاگر" یان "پڕژاندنی ئاو" کە تایبەتمەندیی نەورۆزن، لەو نەخشە و شوێنەوارانەدا بەدی ناکرێن. بەپێی ئەو سەرچاوە، کنە و پشکنین و لێکۆڵینەوەیانەی تا ئەمڕۆ لەبەردەستدان، دەتوانین بڵێین: نەورۆز لە ڕوانگەی شوێنەوارناسییەوە هێشتا ناسنامەیەکی سەلمێنراوی نییە. هیچ نیگار، هەڵکۆڵراو یان نووسراوێک لە چیاکانی زاگرۆس و کوردستان یان دەوروبەریدا نەدۆزراوەتەوە کە گوزارشت لە ئاهەنگگێڕانی فەرمی یان جەماوەریی ئەم یادە بکات. بێگومان، زانستی شوێنەوارناسی زانستێکی کراوەیە؛ ڕەنگە لە داهاتوودا لە ڕێگەی کنە و پشکنینی نوێوە، سەرەداو یان دەقێکی مێژوویی بدۆزرێتەوە کە ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت، بەڵام تا ئەم ساتە، نەورۆز لە تۆمارە مادییەکانی مێژووی کۆندا بێدەنگە.

نەورۆز پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانەوەی سروشت و شاخ و کۆچەرییەوە هەیە؛ ئایا ئەم ڕەهەنده جوگرافییەی نەورۆز چۆن دەیسەلمێنێت کە ئەم جەژنە لە ناخی ژینگەی کوردستانەوە هەڵقوڵاوە نەک لە ناوچە بیابانی یان دەشتاییە دوورەکان؟

نەورۆز پەیوەندییەکی دانەبڕاو و ڕاستەوخۆی بە ژیانەوەی سروشت، هەڵکشان بەرەو کوێستان و چیاکان و ژیانی کۆچەرییەوە هەیە. ئەم ڕەهەندە جوگرافییە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لە سەر ئەوەی کە نەورۆز لە ناخی ژینگەی کوردستانەوە هەڵقوڵاوە، نەک لە ناوچە بیابانییەکان و دەشتاییە دوورەکان. بەگشتی، شارستانییەت و ئایین و ئەفسانەی گەلان ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگەیەیە کە تێیدا دەژین؛ مرۆڤ لەژێر کاریگەریی سروشتدا هزر و باوەڕەکانی دادەڕێژێت. نەورۆزیش بە هەمان شێوە، بەرهەمی ڕەنج و تێڕامانی گەلانی چیانشینی زاگرۆسە. ئەم ڕۆژە وەرچەرخانێکی گەورەی سروشتییە؛ ئەو کاتەیە کە بەفر و بەستەڵەکی سەر چیاکان دەتوێنەوە و زەوی بەرگی ژیان دەپۆشێت. بۆ هۆزە کۆچەرییەکان و خاوەن مەڕ و ماڵاتەکان، نەورۆز تەنیا جەژن نییە، بەڵکوو دەستپێکی بژێوی و جووڵە و ژیانێکی نوێیە.

پیرۆزیی ئەم ڕۆژە لە مێژووی کورددا ڕەگێکی قووڵی هەیە. ئەحمەدی خانی بە ڕاشکاوی ئاماژەی پێ دەدات و وەک «مەرسوومی قەدیمی کوردستان» (دابونەریتی دێرینی کوردستان) ناوی دەبات. تەنانەت لای کوردی گوندنشین و ڕەوەندیش، نەورۆز خاڵێکی جەوهەریی دیاریکراوە بۆ گۆڕانی وەرز و بژێوی.

بەڵگە مێژووییەکان گەواهیی ئەم پیرۆزییە دەدەن؛ «ڕیچ» لە گەشتنامەکەیدا دەگێڕێتەوە کە ئەمانوڵڵا خانی ئەردەڵان بۆ گواستنەوەی بووکی کوڕەکەی، چاوەڕوانی هاتنی نەورۆزی کردووە. هەروەها لە مێژووی ئەیوبییەکاندا هاتووە، کاتێک سەڵاحەدینی ئەیوبی دەسەڵاتی گرتە دەست و داوای لە نەجمەدین ئەیوبى باوکی کرد بێتە میسر، باوکی گەشتەکەی دواخست تا هاتنی نەورۆز، چونکە لای وای بوو ئەو ڕۆژە بۆ دەستپێکی هەر کار و کۆچێک، پیرۆز و پڕبەرەکەتە.

تەنانەت دوای هاتنی ئیسلامیش، ئەم پیرۆزییە کاڵ نەبووەوە؛ هەندێک لە موفەسیرانی قورئان وا لێکی دەدەنەوە کە مەبەست لە ئایەتى (موعدکم یوم الزینة) لە قورئاندا هەر هەمان ڕۆژی نەورۆزە. لە ناو کولتووری گشتی و پەندی پێشینانیشدا، دەستەواژەی (نەورۆز عەجەب ڕۆژ) ماوەتەوە کە نیشانەی شکۆمەندیی ئەم ڕۆژەیە.

بە کورتی؛ نەورۆز ناسنامەیەکی جوگرافی و مێژووییە کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی چیاکانی کوردستان و زنجیرە چیای زاگرۆسە و هیچ گومانێک لە ڕەسەنایەتییە کوردییەکەی تێدا نییە.

چۆن دەتوانین شیکردنەوەیەکی مێژوویی بۆ ئەفسانەی "کاوەی ئاسنگەر" بکەین وەک هێمایەکی ڕاستەقینەی بەرگریی کورد، و ئایا ئەو هەوڵانەی دراون بۆ گشتگیرکردنی ئەم ئەفسانەیە بۆ گەلانی تر، تا چەند لە ڕاستی مێژوویی دوورن؟

لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە مێژووییەکانی ئەفسانەی "کاوەی ئاسنگەر"، تەنیا گەڕان نییە بەدوای ڕاستییەکی ماددی و بەرجەستەدا، بەڵکوو تێگەیشتنە لەو هێما زیندووەی کە بۆتە کۆڵەکەی بەرگریی نەتەوەیی کورد. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم ئەفسانەیە چۆن بوو بە شوناسێکی کوردی و ئەو هەوڵانەی بۆ گشتگیرکردنی دەدرێن تا چەند لە ڕاستییەوە دوورن؟

دەکرێ بڵێین ئەو جەژنەی کە ئەمڕۆ بە ئاگرکردنەوە و سەرکەوتن دەناسرێت، لە سەرچاوە مێژووییەکاندا خاوەنی دوو ڕوانگەی دژبەیەکیشە:

یەکەم، خوێندنەوەی فارسی: لە سەرچاوە فارسی و عەرەبییە کۆنەکاندا، نەورۆز بە شکۆ و دەسەڵاتی "جەمشیدی کوڕی تەهمورس"ەوە دەبەسترێتەوە. جەمشید وەک یەکەم مرۆڤ و دامەزرێنەری شارستانییەت وێنا دەکرێت کە پاش تەواوکردنی کارەکانی، ڕووناکی و شەوقی لێ دەبێتەوە؛ وشەی "شید"یش هەر بە واتای خۆر یان ڕووناکی دێت.

دووەم، خوێندنەوەی کوردی: ئەم ڕوانگەیە بە تەواوی جیاوازە؛ لای کورد نەورۆز مانیفێستی سەرکەوتنی کاوەی ئاسنگەرە بەسەر زوحاکی ستەمکاردا. ئەمە گێڕانەوەی کۆتاییهاتنی چەوسانەوە و ڕووخانی پاشایەکی خوێنڕێژە کە کورد وەک جەژنی ڕزگاری لێی دەڕوانێت.

هەرچەندە گێڕانەوە فارسییەکە لە پەڕاوەکاندا پانتایی زیاتری داگیر کردووە، بەڵام لە هەندێک سەرچاوەی دەگمەنی سەدەکانی ناوەڕاستدا وەک گێڕانەوەیەکى گەڕۆک ئيبن فەقيهى هەمەدانی  (ابن الفقیە: م٣٤٠ك/٩٥١ز) و سەرچاوەى دی، ئاماژە بە سەرکەوتنی کاوە و ئاگرکردنەوە وەک هێمایەکی ئاگادارکردنەوە و شادی دراوە، کە ئەمەش نزیکایەتییەکی تەواوی لەگەڵ خوێندنەوە کوردییەکەدا هەیە. بە ئاخفتنێكی دی، نەورۆز لای كورد رۆژی كوشتن و لەناوبردنی یەكجارەكیی زوحاكە، ئەم لێكدانەوە كوردانەیەش وەنەبێت نوێ‌ بێت و داهێنراوی هەستی نەتەوایەتی و بزاڤی رزگاریخوازیی كورد بێت، بەڵكوو كەونارە و هاودەمی ئەوەی فارس و ساسانیەكانە و ئەوەندەی من بزانم لە سێ‌ سەرچاوەی كۆنی سەردەمی ئیسلامی باسكراوە، ئەوەتا وێڕاى ئیبن فەقیه کە خەڵكی هەمەدانە و (ابوسعید النقاش: م٤١٤ك /١٠٢٣ز) و دوای ئەوانیش ( ابن الأثیر: م٦٣٠ك/١٢٣٣ز)، دوو گێڕانەوەیان یاداشتكردوە ئەوە دەسەلمێنن كە جەژنی نەورۆز لە ئاكامی كوشتنی زوحاك و ئاگركردنەوەی ئەو كەسانەی لە سەربڕین رزگاربوون پەیدابووە.

کاوەی ئاسنگەر، هاوشێوەی زۆربەی پاڵەوانە نەتەوەییەکان و کەسایەتییە ئایینییە مەزنەکان، پێدەچێت کاراکتەرێکی ئیعتیباری و ڕەمزی بێت نەک بوونێکی مێژوویی فیزیکی. بەڵام گرنگیی ئەم کەسایەتییە لەوەدایە کە چۆن لە خەیاڵدانی جەماوەریدا بووەتە "بەشێک لە مێژوو".

"مێژووی گەلان زۆرجار لەسەر بنەمای ئەفسانە بنیات نراوە؛ بەڵام ئەو ئەفسانەیەی کاریگەریی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادەنێت، خۆی دەبێتە حەقیقەتێکی مێژوویی."

لە سەدەی ڕابردوودا و لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، کاوەی ئاسنگەر وەک هێمایەکی نەتەوەیی بە گەڕ خرا. شاعیرانی وەک حاجی قادری کۆیی و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی وەک "ژین" و "دیاری کوردستان"، کاوەیان لە ئەفسانەیەکی کۆنەوە گۆڕی بۆ بزوێنەری هەستی نەتەوایەتی. ڕۆژهەڵاتناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە کورد لەم قۆناغەدا بە زیرەکییەوە هێماکانی وەک (نەورۆز، مەم و زین، سەڵاحەدینی ئەیوبی و کەریم خانی زەند)ی بۆ داڕشتنەوەی شوناسی خۆی بەکار هێناوە.

بۆیە، چ کاوە کەسایەتییەکی ڕاستەقینە بووبێت یان ئەفسانە، ئەو ئەمڕۆ بەشێکی دانەبڕاوە لە ویژدانی مێژوویی کورد. ناوی "کاوە" تەنیا ناوێک نییە، بەڵکوو میراتێکی زیندووە کە لە هزر و خەیاڵدانی ئێمەدا وەک هێمایەکی نەمر بۆ ئازادی ماوەتەوە.

چ تایبەتمەندییەکی ئەتنۆگرافی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردیدا هەیە (وەک ئاگرکردنەوە لە لوتکەی چیاکان) کە وای لێ دەکات لە جەژنی گەلانی تری ناوچەکە جیاواز بێت و ڕەسەنایەتییەکی سەربەخۆی پێ ببخشێت؟

بەڵگە مێژووییەکان دەیسەلمێنن کە نەورۆز و ئاگرەکەی تەمەنیان لە هەزار ساڵ زیاترە. تەنانەت شاعیرێکی عەرەب لە وەسفێکی جواندا باس لەم ڕاستییە دەکات و دەڵێت:

"خەڵک ئاگریان کردەوە و ئاویان ڕشاند بۆ پیرۆزبایی نەورۆز، منیش بە فرمێسکی چاوەکانم ئەو یادەم کردەوە؛ ئەوان ئاگرەکەیان لە دەرەوە کردەوە و هی منیش لە ناو دڵ و پەراسووەکاندایە."

ئەم شاعیرە بە شێوازێکی هونەری دۆخی خۆی بە ئاگری نەورۆز چواندووە؛ فرمێسکەکانی بە ئاوڕشاندن و کڵپەی ناو دڵیشی بە ئاگری نەورۆز.

پیرەمێرد تەنیا ئاگرەکەی زیندوو کردەوە، چونکە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بەهۆی ململانێ لەگەڵ دەوڵەتە شیعەکانی ئێران (سەفەوی، ئەفشارى و زەندی قاجارى)، ئەم جەژنە ڕەهەندێکی مەزهەبی و سیاسیی وەرگرتبوو. لە بەغدا و ناوەندەکانی خەلافەتدا ئاهەنگگێڕان کەم بووبووەوە، بەڵام بنەما مێژووییەکەی هەر مابوو.

لە کتێبی "الفرج بعد الشدة"ی تەنووخیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئاگری نەورۆز لە بەغدا دەکرایەوە. تەنانەت خەلیفە "المعتضد" ویستی قەدەغەی بکات، بەڵام لەژێر فشاری جەماوەریدا پاشەکشەی کرد. مێژوو باس لەوەش دەکات کە جارێکیان نەورۆز کەوتووەتە ناو مانگی ڕەمەزانەوە؛ خەڵکەکە بۆ ڕێزگرتن لەو مانگە و نەبادە رێگایان پێ نەدرێت، زووتر و دوو سێ ڕۆژ پێشوەختە ئاگریان کردەوە و ئاهەنگیان گێڕا.

ئەم جەژنە هێندە لە ناو گەلانی موسڵماندا بڵاو بوو، کەسانێکی زۆر دیندار و پارێزگار لەو ڕۆژەدا لە ماڵ نەدەهاتنە دەرەوە تا (بە بڕوای خۆیان) پرشنگی ئەو "کفرە"یان بەرنەکەوێت. ئەم بابەتە بووەتە جێی مشتومڕی زانایانی ئایینی؛ هەندێکیان فتوایان دەدا کە خەڵک لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بن تا وەک نیشانەیەک بۆ خۆپارێزی و بێبەریبوون لەو جەژنە بێت، ئەمەش مشتومڕێکی گەورەی لەسەر "باشی یان بیدعە" بوونی ئەو ڕۆژووە دروست کردبوو.

هەموو ئەمانە دەیسەلمێنن کە ئاگری نەورۆز نەک هەر مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەڵکوو هێمایەک بووە بۆ سەرکەوتن، هاتنی ساڵی نوێ و کۆتاییهاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە لە کوردستان و ناوچەکەدا.

ئایا ئەو بانگەشەیەی دەڵێت 'ئاگری نەورۆز داهێنراوی پیرەمێردی نەمرە و مێژوویەکی کۆنی نییە' تا چەند ڕاستە؟ بەڵگەی شاعیرانی کلاسیکی کورد لەم بارەیەوە چییە؟

ئەو تێڕوانینە ئایدیۆلۆژییەی کە هەندێک لە لایەنە سەلەفییەکان و ئیسلامی سیاسی بانگەشەی بۆ دەکەن، کە گوایە ئاگری نەورۆز داهێنراوی "پیرەمێردی نەمر"ە لە نەوەد ساڵ لەمەوبەردا، دوورە لە ڕاستی. مێژوو و ئەدەبیاتی ئێمە پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن، بۆ نموونە:

. ئەحمەدی خانی: لە شاکارەکەیدا ئاماژە بە جەژنی نەورۆز و ئاهەنگگێڕانی کوردان دەکات.

. مەلای جزیری: کە نزیکەی ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژیاوە، وشەی "سراج" (واتە چرا و مۆم) بۆ نەورۆز بەکار دەهێنێت و دەڵێت: "نەورۆز سەرساڵی دڵە وەختێ هەلێتن ئەو سراج". لێرەدا دەرکەوتنی یارەکەی بە ڕۆژی نەورۆز و ڕووناکیی دەروونیی خۆی بە مۆمی نەورۆز چواندووە.

لە مێژووی نوێدا، بۆچی نەورۆز بۆ کورد تەنیا جەژنێکی بەهارە نییە، بەڵکوو بووەتە ئامرازێکی سیاسی و نەتەوەیی بۆ سەلماندنی بوونی خۆی؟ ئایا ئەمە بەڵگەی ئەوە نییە کە خاوەندارێتییەکی ڕۆحیی قووڵ لە نێوان کورد و ئەم یادەدا هەیە؟

لە دوای کڵپەسەندنی جەنگی یەکەمی جیهانی و تێکشانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، کاتێک شەپۆلی "تۆرانێتی" و دەمارگیریی تورکچێتی سەری هەڵدا، نەتەوەی کوردیش کەوتە ناو قۆناغێکی نوێی وشیارییەوە. لەو سەردەمەدا کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەکان دەدرا، تاکی کورد لە مێژووی خۆی کۆڵییەوە و ڕەسەنایەتیی خۆی دۆزییەوە.

محەممەد ئەمین زەکی بەگ، وەک مێژوونووسێکی گەورە، لە پێشەکیی کتێبی "خولاسەی مێژووی کورد و کوردستان"دا گوزارشت لەم وەرچەرخانە دەکات. ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن لە ناو سپای عوسمانیدا، هەمووان لەژێر چەتری "عوسمانلی و ئیسلام"دا کۆببوونەوە و هەستی نەتەوایەتیی تورک و کورد شاراوە بوو. بەڵام کاتێک بینی تورکەکان بە شانازییەوە باس لە ڕەچەڵەکی تۆرانیی خۆیان دەکەن، ئەویش کەوتە پرسیارکردن لە ناسنامەی خۆی: "ئێمە کێین؟" کاتێک کەس وەڵامێکی ڕوونی نەدایەوە، بڕیاری دا بە پێنووسە بڕشتەکەی، مێژووی نەتەوەکەی بنووسێتەوە و ڕابردووی کورد بۆ نەوەکانی داهاتوو ڕوون بکاتەوە.

ڕۆشنبیران و خەمخۆرانی کورد درکیان بەوە کردبوو کە بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، دەبێت پەنا بۆ کولتوور، مێژوو و کارەکتەرە پیرۆزەکانی نەتەوە ببرێت. لەم نێوەندەدا "نەورۆز" وەک چەقێکی گرنگی ناسنامەی کوردی دەرکەوت. ئەم جەژنە تەنیا بۆنەیەکی وەرزی نەبوو، بەڵکوو ڕەگێکی قووڵی لە ئەدەبیات و ئایینی کوردەواریدا هەبوو.

تەنانەت زانایەکی ئایینی وەک ئەحمەدی خانی، کە خاوەنی کتێبی "عەقیدەنامە"یە و لە پێشەکیی "مەم و زین"دا بە دەیان بەیت ستایشی خودا و پێغەمبەر دەکات، نەورۆز بە "عادەتێ موبارەک" (دابونەریتێکی پیرۆز) ناو دەبات. و دەڵێ: "مەبنێ ل وێ عادەتێ موبارەک، گوندی و شاری هەمی ب جارەک". خانی وێنای ئەوەمان بۆ دەکات کە چۆن گەورە و بچووک، شارنشین و لادێنشین، لەو ڕۆژەدا ڕوویان لە دەشت و دەر کردووە. ئەمە دەیسەلمێنێت کە لای زانایانی ئایینیی کورد، نەورۆز نەک هەر بیدعە و کفر نەبووە، بەڵکوو بەشێک بووە لە شکۆ و پیرۆزیی نەتەوە.

پێش ئەوەی پیرەمێردی نەمر لە سلێمانی ئاگری نەورۆز بکاتەوە، ئەم یادە لە ناو ڕۆژنامەکانی ئەستەمبووڵ و سەردەمی شێخ مەحموودی حەفیدا بوونی هەبووە. تەنانەت لە ڕۆژنامەی "دیاری کوردستان"دا ئاماژە بەوە کراوە کە کونسوڵخانەی ئێران لە بەغدا یادی نەورۆزی کردووەتەوە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی کورد کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوون.

بەم شێوەیە، ڕێبەران و ڕووناكبیرانی کورد نەورۆزیان لە جەژنێکی سادەوە گۆڕی بۆ هێمایەکی سیاسی و نەتەوەیی. ئەم مەشخەڵە لە ساڵانی سی و چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە لایەن لاوانی خوێنگەرم و تێکۆشەرانی کوردەوە لە شارە جیاوازەکان گەشێنرایەوە و تا بە ئەمڕۆ دەگات، وەک بڵێسەیەکی دانەمرکاو لە دڵی مێژووی کورددا ماوەتەوە.

لە دەقە کۆنەکان و شیعرە کلاسیکییەکانی شاعیرانی وەک (ئەحمەدی خانی)دا، چۆن باس لە نەورۆز کراوە و ئەمە چۆن دەبێتە بەڵگەیەکی نووسراو بۆ ئەوەی کورد پێش سەدان ساڵ وەک جەژنێکی نەتەوەیی سەیری کردووە؟

پێش سەردەمی ئەحمەدی خانی، شاعیرانی کورد بە کورتی ئاماژەیان بە نەورۆز داوە؛ بۆ نموونە بابا تاهیری هەمەدانی باسی کردووە و مەلای جزیرییش نەورۆزی وەک "سەری ساڵی دڵ" ناو بردووە. بەڵام وەک هەمووان دەزانین، ئەحمەدی خانی لە پێشەکیی شاکاری "مەم و زین"دا بە وردی و بە درێژی باسی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کردووە. ئەو وەسفی ژاوەژاوی جەژن، گۆڕینی جلوبەرگ، زەماوەند و بەزم و ڕەزمی خەڵکی بە جلی ڕەنگاوڕەنگی زەرد و سوور و سەوز دەکات. خانی نیشانی دەدات کە چۆن هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، لە سپایی و خەڵکی شار و گوند، بۆ گەشت و سەیران لە شار دەرچوون، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە بەڵگەیەکی مێژوویی گرنگ.

لە ئەدەبی کلاسیکی کوردیدا، نەورۆز زیاتر وەک ڕۆژی خۆشی و شادبوون بە دیداری یار وێنا کراوە. لای خانی، نەورۆز دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ یەکەم دیداری مەم و زین. پاش ئەویش، شاعیرانی وەک سالم و زۆری تریش باسیان کردووە. لەم بارەیەوە چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی وەک "نەورۆزنامە" و "نەورۆز لە شیعری کوردیدا" و تەنانەت "نەورۆز لە پەخشانی کوردیدا" نووسراون.

ئەگەرچی ئەدەبی کلاسیکی کوردی بەهۆی کەمیی دەقە کۆنەکانەوە لە چاو نەتەوەکانی تردا دەقەکانی کەمترن، بەڵام لە ناو ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبیدا کەم شاعیر هەیە باسی نەورۆزی نەکردبێت. تەنانەت چەندین سەرچاوەی عەرەبی ئاماژە بەم کاریگەرییە دەکەن و چەند کتێب و لێکۆڵینەوەیەک بڵاو کراونەتەوە.

خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە هەندێک دەقی کۆندا، وشەکە بە فۆرمی "نەورۆژ" یان "نەورۆچ" هاتووە؛ بۆ نموونە لای شاعیرى ناسراوى عەرەب بە "نەورۆچ" هاتووە کە لە ڕووی فۆرمەوە لە "نەورۆزی" کوردی نزیکترە وەک لە "نوروزی" فارسی.

لە سەدەی بیستەمدا، بابەتەکە ڕەهەندی فراوانتری گرت و بووە مژاری چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرا. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە نەورۆز تەنانەت گەیشتووەتە میسریش و فاتمییەکان (پێش ئەیوبییەکان) ئاهەنگیان بۆ گێڕاوە.

ئەگەرچی نەورۆز لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندی بە نەتەوە نائێرانییەکانەوە (وەک عەرەب) نییە، بەڵام بەهۆی هەژموونی نەتەوە ئێرانییەکان و میرنشینە کوردییەکان و دەسەڵاتی بوەیهییەکان کە ماڵباتێکى ئێرانی بوون لە بەغدا، نەورۆز دزەی کردە ناو جڤاکی عەرەبی. لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە و تەنانەت دەقی شیعری وا هەن کە گوزارشت لە ئاگرکردنەوەش دەکەن، هەرچەندە لە زۆربەی شیعرە کلاسیکەکاندا زیاتر جەخت لەسەر "دیداری یار" کراوەتەوە و ئاگرکردنەوە کەمتر ئاماژەی پێ دراوە، دەکرێت لەم ڕووەوە سەیرى ئەم کتێبە بکریت ( د. فواد عبدالمعطي الصياد، النوروز وأثره في الأدب العربي، بيروت: ١٩٧٢).

ئەو دەوڵەتانەی لە مێژوودا هەوڵی "تەعریب" یان "تەفریس"یان داوە، چۆن ویستوویانە ڕەهەنده کوردییەکەی نەورۆز بشێوێنن؟ پسپۆڕی مێژوو چۆن دەتوانێت ئەم دزینە کولتوورییە لە ڕێگەی بەڵگەوە ڕەت بکاتەوە؟

پێم وانییە عەرەب بتوانێت نەورۆز بکاتە هی خۆی، چونکە هەمووان دەزانن ناو، چەمک و مێژووی ئەم جەژنە پەیوەندی بە عەرەب و نەتەوە موسڵمانە نائێرانییەکانەوە نییە، بەڵکوو بە پلەی یەکەم بە گەلانی ئێرانییەوە گرێدراوە. بۆ نموونە، لە سەردەمی ڕێژیمی بەعسدا هەوڵیان دەدا لەژێر ناوی «ڕۆژی درەخت» (عید الشجرة) دەستکاری ناسنامەی ئەم ڕۆژە بکەن. هەروەها ناوی تکریتیان بە سەڵاحەدین گۆڕی بۆ ئەوەی بڵێن سەڵاحەدینی ئەیوبی عێراقییە و لە تکریت لەدایکبووە. بۆیە پێم وایە ئەم هەوڵانە بۆ عەرەب سەرناگرێت.

ئێستاش ئێران دوو هەفتە پشوو ڕادەگەیەنێت و هەوڵ دەدات ئەم جەژنە بە تەواوی بکاتە مڵکی خۆی. بۆیە ئەرکی سەرشانی ئێمەی ڕۆشنبیر و مێژوونووسانی کوردە، کە بە ئارگیومێنت و بەڵگەی زانستی بەرپەرچی ئەمە بدەینەوە. ئەگەرچی زۆرێک لە نووسینە کوردییەکان لە ڕابردوودا ئاوێتەی سۆز و عاتیفە بوون، بەڵام ئێستا هەنگاوی زانستی نراوە. من لە بەرهەمی "نەورۆزی کوردستان؛ لە ئەفسانەوە بۆ مێژوو"، بە دوور لە سۆز، پەنام بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکان، شیعرە کلاسیکییەکان و دەقە دێرینەکان بردووە تا بیسەلمێنم کە نەورۆز ئەگەر یەک پشکی بۆ فارس بێت، سێ هێندە هی کورد و خاکی کوردستانە.

بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا و لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەم یادە بووەتە هێمایەکی نەتەوەیی فەرمی. تەرخانکردنی هەفتەیەک وەک پشوو و سازدانی کەرنەڤاڵە گەورەکان و پەیامی پیرۆزبایی ڕێبەرانی کورد، گەواهی ئەوە دەدەن کە نەورۆز لای ئێمە تەنیا جەژنێکی سروشتی نییە، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە شوناسی نەتەوەیی و خەباتی بەردەوامی کورد.

زۆرێک لە مێژوونووسان ساڵی ٢٧٢٦ی کوردی دەبەستنەوە بە دامەزراندنی دەوڵەتی ماد؛ ئەم پەیوەندییە مێژووییە چۆن ناسنامەی "کوردستانی بوون"ی نەورۆز بەهێزتر دەکات لە بەرانبەر گێڕانەوەکانی تردا؟

بە بڕوای ئێمە، دیاریکردنی ساڵنامەیەک لەسەر بنەمای مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی ماد، تێڕوانینێکی زانستییانە نییە و لە ڕاستییە مێژووییەکانەوە دوورە؛ بەڵکوو ئەمە زیاتر لە سۆز و هەستی نەتەوایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە. زۆرجار ئەم هەوڵە لەو پێداگرییەوە دێت کە دەڵێت: "هەروەک چۆن نەتەوەکانی وەک عەرەب خاوەنی ساڵنامەی تایبەت بە خۆیانن، پێویستە کوردیش هەمان پێگەی هەبێت"، بەڵام ئەم لۆژیکە لە ڕووی زانستی مێژووییەوە پەسەندکراو نییە.

ئەگەر سەرنج بدەین، زۆربەی نەتەوەکانی ئورووپا پەیڕەوی ساڵنامەی زایینی دەکەن و جیهانی ئیسلامیش ساڵنامەی کۆچی بەکاردێنن. لەبارەی دەوڵەتی مادەوە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی و شوێنەواریی لەبەر دەستدا نییە کە ئاماژە بە هەبوونی ساڵنامەیەکی تایبەت بکات. تەنانەت لە کتێبی "مێژووی ماد"ی دیاکۆنۆف، کە بە یەکێک لە سەرچاوە هەرە باوەڕپێکراوەکان دادەنرێت، هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە مادەکان دەستپێکی مێژووی خۆیان گرێ دابێت بە جەژنی نەورۆزەوە.

بۆیە، دانانی ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی ماد وەک سەرەتای ساڵنامەی کوردی و هاوکاتکردنی لەگەڵ ڕۆژی نەورۆزدا، خاوەنی هیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە. بەڵام دەکرێت ئەم کارە وەک ئامرازێک لە چوارچێوەی پڕۆژەی "نەتەوەسازی و دەوڵەتسازیدا" سەیر بکرێت. زۆرێک لە نەتەوەکانی تری جیهانیش بۆ پتەوکردنی ناسنامەی نیشتمانیی خۆیان، پەنایان بۆ دروستکردنی هێما و ڕووداوی نامێژوویی بردووە و لە خزمەت بنیاتنانی قەوارەی نەتەوەییاندا بەکاریان هێناوە.

ئەگەر نەورۆز میراتێکی هاوبەشی گەلانی ئێرانی بێت، بۆچی تەنیا لای کورد ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانەی وەرگرتووە؟ ئایا ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کورد "خاوەنی ڕەسەن" و پارێزەری ڕاستەقینەی ئەم کولتوورەیە؟

لە ڕوانگەیەکی وردبینی مێژووییەوە، جەژنی نەورۆز بەرهەمی سەردەمێکە کە هێشتا چەمکی نەتەوە بە مانا مۆدێڕنەکەی (کورد، فارس، بەلووچ و گیلەکی...) نەخەمڵیبوو. لەو ڕۆژگارە دێرینانەدا، ئەم جەژنە میراتێکی هاوبەشی گەلانی سەر هێڵی فەلاتە بووە، پێش ئەوەی سنوورە سیاسی و نەتەوەییەکان لێکیان دابڕن. تەنانەت ڕەگ و ڕیشەی هەندێک لە ئەفسانە و هێماکانی نەورۆز، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چاخە دوورەی کە هێشتا نەتەوەکانی نێو جوگرافیای هیندی ئێرانی- هیندۆئیرانی و یەک یەکەی مرۆیی و کولتووری بوون؛ بە جۆرێک کە گوزارشت لە پاڵەوانەکان و چیرۆکی زوحاک، نەک هەر لە سەرچاوە دێرینەکانی ئەم ناوچەیە، بەڵکوو لە نێو دەقە سەنسکریتییەکانیشدا دەنگ دەداتەوە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی سەدەکان، نەورۆز بەرەبەرە قاڵبێکی ئێرانیی وەرگرت و لە شانامەدا، پاڵەوان و پاشاکان ڕەنگێکی دیاریکراوتریان پۆشی. لەوێدا بە ڕوونی دەبینین چۆن ڕووداوەکان و ناسنامەی کورد تێهەڵکێشی ئەم مێژووە دەکرێن و باس لە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی نەتەوەی کورد دەکرێت. هەر بۆیە، لە ڕووی زانستییەوە، نەورۆز تەنیا موڵکی یەک نەتەوە نییە، بەڵکوو میراتێکی گەورەی هاوبەشە کە کورد تێیدا کارەکتەرێکی بنەڕەتی و خاوەن پشکێکی ڕەسەنە.

ئەگەرچی ئەمڕۆ نەورۆز لای زۆر گەل یاد دەکرێتەوە، بەڵام بۆ کورد واتایەکی قووڵتر و جیاوازتری هەیە. ئێمە وەک نەتەوەیەک کە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاریخوازی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافەکانمانداین، نەورۆزمان کردووە بە قەڵغانی پاراستنی ناسنامەکەمان. لە دۆخێکدا کە هەڕەشەی سڕینەوە و حاشاکردنمان لەسەرە، پەنا بردن بۆ ئەم جەژنە بووەتە ئامرازێکی سیاسی و کولتووری بۆ سەلماندنی بوونی خۆمان.

نەورۆز بۆ کوردی ڕەوەند و ئاوارە لە ئورووپا و ئەمریکا و تەواوی جیهان، تەنیا جەژن نییە، بەڵکوو تاقە هەناسەیەکە بۆ گوزارشتکردن لە کوردبوون و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکەی. پێگیریی بێ وێنەی کورد لە زیندووڕاگرتنی نەورۆزدا، لەو پێویستییە مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئێمە وەک گەلێک تینووی ئازادیین. ئەم جەژنە بۆ ئێمە تین و وزەیەکی نوێیە، هەوێنی یەکگرتووییە و دەرفەتێکە تا بە جیهان بڵێین: ئێمە هەین و خاوەنی میراتێکی وا مەزنین کە هیچ هێزێک ناتوانێت لە مێژوومان داببڕێت.