هاوکات لەگەڵ درێژەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، سەرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بەردەوامە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٤ هاووڵاتی خەڵکی ئاودانان و نەغەدە دەسبەسەرکراون.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، دوو برای کورد، خەڵکی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، بەناوەکانی "نیما هیمەتی"، خوێندکار لە زانکۆی ڕەشت و "ماھان هیمەتی"، تەمەن ١٧ ساڵ و قوتابی پۆلی یازدەهەم، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە ئیسفەهان دەسبەسەر کران.
هێزەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی و بەکارهێنانی توندوتیژی ئەو دوو برا کوردەیان دەسبەسەر و دوایی بۆ بەندیخانەی دەستگێردی ئیسفەهان ڕاگواستووە.
هەنگاو هەروەها ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەممە، دوو برا بە ناوەکانی "مەنسوور عەبدوڵڵازادە" تەمەن ٤١ ساڵ و "مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە" تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی "خەلیفان"ی سەر بە نەغەدە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی باوکیان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کراون.
هێزەکانی ڕێژیم بە شکاندنی دەرگا و پەنجەرە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم دوو برایە و وێڕای دەسبەسەرکردنیان، ماڵەکەیان پشکنیوە، ئەندامانی بنەماڵەکەیان داوەتە بەر لێدان و سووکایەتی و کەلوپەلە تایبەتییەکانیان وەک لەپتاپ و مۆبایلەکانی ئەم دوو هاووڵاتییەیان زەوت کردووە.
مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە دوای دوو ڕۆژ دەسبەسەری و تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد کراوە، بەڵام کەلوپەلە تایبەتییەکانی هێشتا لای ناوەندەکانی ڕێژیم دەستی بەسەردا گیراوە.
شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی و چارەنووسی مەنسوور عەبدوڵڵازادە لەبەردەستدا نییە.