کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی سەرکوتی هاووڵاتییان لە کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم

12:42 - 1 خاکەلێوه 2726

لە درێژەی سەرکوت و پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، سێ هاووڵاتی خەڵکی کرماشان و مەهاباد لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەک بەناوی "وەهاب حوسێن‌زادە"، خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کرا.

هاوکات، هێزەکانی ڕێژیم هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی "جەلال عەلەوی" خەڵکی ئاوایی "کۆسەکەرێز"، سەر بە شاری مەهابادیان دەستبەسەر کردووە.

کوردپا هەروەها ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، "مەنووچێهر ئاقابەیگی"، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ئەنجومەنی سینفی مامۆستایانی کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو چالاکە سینفییە لەگەڵ نەخۆشییەکانی دڵ و کێشەی دەمارەکانەوە دەستوپەنجە نەرم دەکات و لەداوی دەستبەسەرکراندا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەدا نەبووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لەدوای دەستبەسەربووندا بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگواستراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم هاووڵاتییانە کراوە، لەبەردەستدا نییە.