دەسبەسەری سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و سێ هاووڵاتی لە مەهاباد و نەغەدە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی خەڵکی "کۆسەکەرێز"ی مەهاباد بەناوی "ئاوات سەرگوڵی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
لەهەمان ڕۆژدا، هێزەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی گەنجێکی دیکەی شاری مەهابادیان بەناوی "هەویار زەهابی" دەستبەسەر کردووە و ئەو هاووڵاتییەش بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
کوردپا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی هەینی دوو هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی "وەهاب حوسێنزادە"، خەڵکی مەهاباد و "جەلال عەلەوی" خەڵکی ئاوایی "کۆسەکەرێز" دەستبەسەرکراون.
هەروەها لە هەمان ڕۆژ، هاووڵاتییەک بەناوی "کاوە عەبدوڵڵازادە" ٣٩ ساڵە و خەڵکی ئاوایی "خەلیفان" سەر بە شاری نەغەدە لە ڕێگای مەهاباد- نەغەدە دەسبەسەر و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ڕاگوێزراوە.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مەنسوور عەبدوڵڵازادە" تەمەن ٤١ ساڵ و "مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە" تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی خەلیفان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و دوای دوو ڕۆژ مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە بە کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپێچینەوە ئازاد کرا.
شایانی باسە کە تا ئێستا سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییانە هیج زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.