کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی ٤ برا لە بۆکان لە دوای دەستبەسەرکرانیان

11:59 - 3 خاکەلێوه 2726

چارەنووسی ٤ برا لە بۆکان لە دوای دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەەکانی ڕێژیم ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، دوای  تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی چوار برای خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەسووڵ، ناسر، مووسا و حەمزە یادیار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، ئەم هاووڵاتییانە هێشتا لە دۆخی ناڕوون و نادیاردا ڕاگیراون و دادوەری گشتیی ئەو شارە ڕێگری لە ئازادکردنیان دەکات.

هەنگاو جەختی کردەوە کە ئەگەرچی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و ماوەی یاسایی دەستبەسەرکردنیان تەواو بووە، بەڵام دادوەری گشتی ڕێژیم لە بۆکان ڕیگا بە ئازادبوونیان نادات.

ناسر، مووسا و حەمزە دادیار ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندان و ڕەسووڵ دادیار ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر و پاشان بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزران.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "ڕەحیم شیلانی" و "ئازاد ڕەسووڵی فەرد"، کە لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا دەستبەسەر کرابوون، دوای تێپەڕاندنی ٣٠ ڕۆژ لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا، ئێستا ماوەی دوو هەفتەیە چارەنووسیان لە بەندیخانەی ئەو شارەدا ناڕوونە.