ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی کوردانی نیشتەجێی ناوچەی باکووری یولەند لە وڵاتی دانمارک ڕێوڕەسمێکیان بۆ هەڵکردنی ئاگری نەورۆز بەڕێوە برد.
ئەم ڕێوڕەسمە کە لەلایەن ماڵی کوردەوە ڕێک خرابووم بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد.
لە بڕگەیەکی تری بەرنامەکەدا تەها ڕەحیمی پەیامی ماڵی کوردی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر فەلسەفەی نەورۆز و مێژووی ئەم جەژنە لە ناوچەی زاگرۆس و مێزۆپۆتامیا و جەختی لە گرینگی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کردەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا چیا مەنوچێهری پەیامی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی خوێندەوە کە پەیامی خۆڕاگری بۆ نێوخۆی وڵات و جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە کوردییەکان لەخۆ گرتبوو.
بڕگەیەکی تری بەرنامەکە بۆ وەفاداری و یادکردنەوەی نوێترین شەهیدانی کوردستان تەرخان کرا کە تێیدا بەشداربووان مۆمیان لەبەردەم وێنەی شەهیدانی مانگەکانی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیرساند بەتایبەتی ناوچەکانی خوارووی کوردستان و ئەو تێکۆشەرانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات گیانیان بەخت کردبوو و ئامادەبووان بەم کارە یادی بەرزی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرتەوە.
لە کۆتایی ڕێورەسمەکەدا ئاگری نەورۆز لە لایەن ژنانی بەشداربووەوە هەڵکرا و وێڕای پیرۆزبایی کردن لە یەکتری، ئامادەبووان بە گۆڤەند و هەڵپەڕکێی کوردی خۆشییەکانی خۆیان بۆ هاتنی ساڵی نوێ دەربڕی و جەژنیان بەرز ڕاگرت.