ئێوارەی سێشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، لەلایەن نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە شاری ستۆکهۆڵم بەرز ڕاگیرا.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییە سویدی و کوردستانییەکان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کەسایەتی و ڕەوەندی کوردی بەڕێوەچوو.
وەفدێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەسەرپەرشتی نیشتمان عەزیزی بەرپرسی بەشی پێوەندییە كوردستانییەكان و هاوڕێیەتی قادر مێهفەر بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە شاری ستۆكهۆڵم، بەشدار بوون.
ڕێوڕەسمەکە بە وتارێکی "شۆڕش قادر ڕەحیم"، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە سوید دەستی پێ کرد. ناوبراو وێڕای پیرۆزبایی جەژن، تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە کورد لەژێر هەر گوشار و بارودۆخێکی سەختدا بێت، خەبات بۆ ئازادی و دیموکراسی فەرامۆش ناکات. هەروەها جەختی لە گرینگیی یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان و ڕۆڵی ئەرێنیی دەوڵەتی سوید لە پشتگیریکردنی دۆزی کورد کردەوە.
وەفدی حیزبی دێموکرات لە پەراوێزی ئەو یادەدا، زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ نوێنەرانی حیزبە سویدی و کوردستانییەکان ئەنجام دا و تێیدا بیروڕا سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەکان و پتەوکردنی هەماهەنگییە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕ کرا.
بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بڕگە هونەرییەکان، کە تێیدا چەندین نمایشی هەڵپەڕکێ لەلایەن گەنجانی نیشتمانپەروەر و مۆسیقای شاد پێشکەش کران.