ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی ڕێناس خزری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هاوڕێیەتی عوسمان مەحموودی لەگەڵ "ستێفان ئولسۆن" ئەندامی پارلەمانی سوید لە پارتی "مۆدێراتەکان" کۆبوونەوە.
شایانی باسە پارتی مۆدێرات لە ئێستادا پارتی دەسەڵاتدارە لە سوید و ستێفان ئولسۆنیش لە لیژنەی سیاسەتی دەرەوە، تایبەت بە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوین کار دەکات.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی حیزب باسێکی کورتیان لەسەر مێژووی حیزبی دێموکرات و پێکهاتنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" لە قۆناغی ئێستا کرد کە لەلایەن نوێنەرەکەی سویدەوە بە بایەخەوە پێشوازی لێکرا.
شاندی حیزب بە ڕوونی باسیان لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر گەلی کورد، بەڵکوو بەهۆی "ماشێنی تێرۆر" و دەستێوەردانەکانی، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمنییەتی نێودەوڵەتی و ئورووپا. وەک نموونە ئاماژە بە تێرۆری ڕێبەرانی حیزب و چالاکوانانی کورد لە ناو جەرگەی ئورووپا کرا.
لە تەوەرێکی تری ئەو دانیشتنەدا، ڕوانگەی حیزب بۆ داهاتووی ئێران خرایە ڕوو. نوێنەرانی حیزب جەختیان لەسەر سیستمی "فیدراڵیزم" وەک گارانتییەک بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکان لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی کردەوە.
ستێفان ئولسۆن وێڕای دەربڕینی هاوڕایی لەگەڵ ئەم ڕوانگانە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو و حیزبەکەی پشتیوانی لە ڕوانگەی دێموکراسیخوازانەی کورد دەکەن.
لە کۆتاییدا داوا لە سوید و یەکیەتیی ئورووپا کرا میکانیزمی کۆنکرێت بۆ پشتیوانی لە ئەکتەرە دێموکراسیخوازەکان بدۆزنەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی ئەم دیالۆگە کردەوە.