کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەرانی حیزبی دێموکرات لە سیمینارێکی پارتی سەوزەکانی ئاڵماندا

13:16 - 7 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە نەرمین عوسمانی و فرمێسک مورادی، بەشدارییان لە سیمینارێکی تایبەتی پارتی سەوزەکانی ئاڵماندا کرد کە لە شاری کۆڵن سەبارەت بە دۆخی ئێران و پرسی کورد ڕێک خرابوو.

لەم سیمینارەدا کە لەلایەن "بێریڤان ئایماز"، جێگری سەرۆکی پارلەمانی ویلایەتی نۆردراین-ڤێستفالن و مریەم کلارێن بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشە دڕۆنی و موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی.

نەرمین عوسمانی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وتەیەکدا جەختی کردەوە کە ناسەقامگیریی ناوچەکە دەرەنجامی ٤٧ ساڵ سیاسەتی شەڕەنگێزانە و تێرۆریزمی ئایدۆلۆژیی ڕێژیمی ئێرانە.

عوسمانی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە بارمتەگرتنی ئەمنییەتی وزە و خۆراک لە گەرووی هۆرمۆز، دەیەوێت وڵاتانی ڕۆژئاوا ملکەچی خواستەکانی بکات. هەروەها ڕایگەیاند کە کورد قوربانیی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەم ڕێژیمەیە و سیاسەتی "گۆڕینی هەڵسوکەوت" بەرامبەر تاران شکستی هێناوە.

لە کۆتاییدا، نوێنەری حیزب "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"ی وەک ئاڵتەرناتیڤێکی دێموکراسیخواز و ئادرەسێکی باوەڕپێکراو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناساند، کە دەتوانێت لە داهاتوودا ڕۆڵی سەرەکی لە جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێراندا بگێڕێت. سیمینارەکە بە وەڵامدانەوەی پرسیاری بەشداربووان کۆتایی هات.