کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە نۆروێژ بەڕێوە چوو

00:22 - 10 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ سمینارێکی بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بۆ هاوڕێی تێکۆشەر کاک سەعید بەگزادە پێک هێنا.

 بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگرانی حیزب و هەروەها نوێنەرانی پارت و هێزە کوردستانییەکان لەو سیمینارەدا ئامادە بوون.

 بەرنامەکان بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد.

لە سەرەتای سیمینارەکەدا، بەرێزان کاک خوسرەو قادری، خاتوو بەهێ مەنوچێهری و هاوڕێ ئیقبال یەزدانپەرەست، بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەهیدان مۆمە تایبەتەکانی ئەو یادەیان داگیرساند.

 پاشان، گەلاوێژ مهێفەر، پێشکەشکاری سمینارەکە، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و داوای لە مەلا عەلی ڕەپۆشە، ئەندامی کۆمیتەی وڵات کرد کە پەیامی ١٠ی خاکەلێوە پێشکەش بکات.

دوای خوێندنەوەی پەیامەکە، کاک سەعید بەگزادە لە وتارێکدا، وێڕای ئاماژەکردن بە ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە دامەزراندنی پێکهاتەی سیاسیی مۆدێرن و بەستێنەکانی پێکهێنانی کۆماری کوردستان، بە کورتی تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی ڕووخانی ئەم ئەزموونە مێژووییە.

ناوبراو وتی، پێشەوا قازی محەممەد، سەرەڕای ئەوەی بەرێوەبەری حیزبی دێموکرات  بووە، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردیش بووە. بۆیە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە لەلایەن بەرێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، لە هەلومەرجێکی تایبەتی و سەختدا و بە بیرێکی دروست و مەنتیقی وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کراوە.

بەگزادە هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لە بارودۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە کرد و جەختی لەسەر گرینگی یەکگرتوویی و یەکدەنگی هێزەکانی کوردستان لە هەلومەرجی ئێستادا کرد.

لە بەشی دووهەمی سمینارەکەدا، بەشداربووان پرسیار و سەرنجەکانیان خستەڕوو و لەلایەن کۆڕگێرەوە وەڵام درانەوە.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، محەممەد سلێمانی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی وڵات دیاریی کۆمیتەی پێشکەش بە کۆڕگێڕ کرد.

جێگای ئاماژەیە کە لەلایەن هەر یەک لە هونەرمەندان هێدی قادری و شێرکۆ مەریوانی چەند سروودێک پێشکەش کرا.