لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە کوردستان و ئێران، لانیکەم پێنج هاووڵاتیی لە شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ٥ هاووڵاتی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی "کورۆش زۆرابی"، "بەختیار تاووسی"، "محەممەد شەریفی"، "ئەفشین نەجمی" و "کیانووش عادلپوور" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە وتەی هەنگاو، ئەم دەستبەسەرکردنانە لە ڕۆژە جیاجیاکانی مانگی خاکەلێوەدا ئەنجامدراون و هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی و بەکارهێنانی توندوتیژی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم کەسانە و پاش دەستبەسەرکردنیان، دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گرتووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەم هاووڵاتییانە بە تۆمەتی "ڕاگرتن و بەکارهێنانی ئینتێرنێتی ماهوارەی ستارلینک" دەستبەسەر کراون.
شایانی باسە تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی وردی ئەم ٥ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لە ناوەندە ئەمنییەکاندا بێ ئاکام ماوەتەوە.