کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی هاوڵاتییەک لە سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم

12:24 - 11 خاکەلێوه 2726

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچە و دروستکردنی کەشی ئەمنییەتی بەسەر کوردستاندا، هاوڵاتییەک لە سنە کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم و کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، شەوی ٩ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەک بەناوی "محەممەد سۆهراب‌زادە"، نیشتەجێی گەڕەکی "کمێز"ی سنە، لە ڕێگای گوندی قوڵیان–سنە، لە کاتێکدا لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لەنێو ماشیندا بووە، کەوتووەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمی ئێران.

کوردپا لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند کە ناوبراو بەهۆی بەرکەوتنی دوو فیشەک و پێش ئەوەی بگەیەنرێتە ناوەندە تەندروستییەکان، گیانی لەدەست داوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە باوک و دایکی ئەم هاوڵاتییەش لە کاتی تەقەکردنەکەدا لەنێو ماشینەکەدا بوون.

تەرمی محەممەد سۆهراب‌زادە لە ١٠ی خاکەلێوە بە خاک سپێردرا، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن دامەزراوەکانی ڕێژیم، لەوانە دەزگای داد یان هێزی ئینتزامی، سەبارەت بەم ڕووداوە نەدراوە.