کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ڕێوڕەسمێک لە بێلژیک بەڕێوە چوو

10:22 - 17 خاکەلێوه 2726

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بڵژیک، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنانی لەسەر مەزاری تێکۆشەری کۆچکردوو "حەلیمە قادری" لە وڵاتی بێلژیک بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. پاشان بەها ئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر مێژووی ١٠ی خاکەلێوە وەک هێمایەکی نەتەوەیی کە ساڵیادی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەدە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕۆژە وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان لە مێژووی حیزبی دێمۆکراتدا جێگیر کراوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، باسی لە خەبات و ماندووبوونی "حەلیمە قادری" کرد لە ڕیزەکانی یەکیەتیی ژنان و لاواندا و ڕۆڵی ناوبراوی لە بەڕەوپێشبردنی کارە حیزبییەکان لە دەرەوەی وڵات بەرز نرخاند.

دواتر "دارا ناتق"، هاوسەری خوالێخۆشبوو، وێڕای سپاسی بەشداربووان، جەختی لەسەر باوەڕی پتەوی حەلیمە قادری بە یەکسانی و مافی ژنان کردەوە.

هەروەها سەیران مستەفایی، بەرپرسی یەکیەتیی ژنان لە بڵژیک، لەدەستدانی ئەو ژنە تێکۆشەرەی بە خەسارێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی و ڕێکخراوەکەیان وەسف کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ناوبراو و نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان کۆتایی هات.