لە درێژەی سەرکوتی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران، ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ٣٠ هاووڵاتییان بە تۆمەتی بێبنەما و بە بێبەڵگەی یاسایی لە کرماشان دەستبەسەر کردووە.
هەواڵدەریی "فارس"، سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران لە زاری حەمیدڕەزا کەریمی، دادستانی کرماشان ڕایگەیاند کە ٣٠ کەس لە کرماشان دەستبەسەر کراون و بۆ ئەو کەسانە ٢٥ دۆسییە لە دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیم کراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییانە بە تۆمەتی بێبنەمای وەکوو: "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل لە ڕێگەی بەکارهێنانی ستارلینک و ناردنی وێنە بۆ تۆڕەکانی نەیار، ئەندامییەتی لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم، ڕاگرتنی بێمۆڵەتی چەک و تەقەمەنی و کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی میللی" تۆمەتبار کراون.
هەر لەو پەیوەندییەدا، هەواڵدەرییەکانی ڕیژیم ڕایانگەیاندووە کە ٢٣٥ کەس لە تاران، ٤٢ کەس لە خوزستان، ٤ کەس لە مەراغە و ٢ کەس لە لۆرستان بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر کراون.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییەکان و دروستکردنی کەشی ئەمنییەتی بەسەر هەموو کوردستاندا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا دەیان کەسی لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، سنە و ورمێ بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە تۆمەتی بێبنەما دەستبەسەر و بێسەروشوێن کردووە.