کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی چوار هاووڵاتیی لە سەقز

17:38 - 17 خاکەلێوه 2726

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە کوردستان، لە شاری سەقز چوار هاووڵاتی لەلایەن ناوندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئێوارەی شەممە١٥ی خاکەلێوە، "شەیدا شێخی" ٢٥ ساڵە لە گەڕەکی "شاناز"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کرا و کەلوپەلە کەسییەکانی زەوت کران.

هەروەها "ئاکۆ سوڵتانی"، تەمەن ٣١ ساڵ، لە یەکی خاکەلێوە بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئینتێرنێتی ماهوارەیی "ستارلینک" و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە دەستبەسەری هێشتا چارەنووسی نادیارە.

هاوکات، چارەنووسی "عەبدوڵڵا مەهجوور" ٥٩ ساڵ و کەمئەندام و "سالار ئازەر" ٣٦ ساڵ پاش نزیکەی مانگێک لە ڕفاندنیان لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە نادیارە و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ئامادەی هیچ جۆرە وڵامدانەوەیەک لەسەر دۆخی ئەم دوو کەسە نین.

ئەم هاووڵاتییانە لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستییان دەست نەکەوتووە.