کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێرمنداڵێکی دیکەی دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

10:57 - 18 خاکەلێوه 2726

دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتی تۆقاندن و سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکاندا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵەی خەڵکی بۆکاندا سەپاند کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەنیا ١٦ ساڵ تەمەنی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مروڤی "هەنگاو"، یەکێک لە بەشداربووانی بزووتنەوەی ژینا بەناوی "موحسێن ئیسلام‌خاە"، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "موحارەبە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو پێشتر بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ بۆکان لە جۆزەردانی ١٤٠٤دا دەستبەسەر کرا.

ئەم گەنجە کوردە لە کاتی دەستبەسەریدا لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لەژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بۆ وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێ" سەبارەت بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، موحسێن ئیسلام‌خاە ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە و لەوێ سزای لەسێدارەدانەکەی کە ٢٨ی ڕێبەندان بۆی دەرچوو بوو، پێ ڕاگەیەندرا.

سەپاندنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە موحسێن لە کاتی ڕووداوەکاندا تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، دەرکردنی سزای سێدارە بۆ "منداڵ-تاوانبار" قەدەغەیە.

شایانی باسە کە دوو هاودۆسیەی دیکەی ئەو هاووڵاتییە بە ناوەکانی "محەممەد فەرەجی" و "ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی" پێشتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.