کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی سێ هاووڵاتی لەدوای دەسبەسەریان ناڕوون ماوەتەوە

18:34 - 20 خاکەلێوه 2726

هاوژینێکی خەڵکی سنە دوای زیاتر لە مانگێک و هاووڵاتییەکی بۆکانی لەدوای نزیک بە یەک حەوتوو لە دەستبەسەریان لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، هاوژینێکی خەڵکی سنە بە ناوەکانی "زەینەب عەزیزی" و "سیروان ئەمینی" کە لە ١٦ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو بەبێ بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندی هەمەدان ڕاگواسترابوون، تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە تۆمەتی "بەکارهێنانی کەرەستەی ئینتێرنێتی ماهوارەیی ستارلینک" ئەو هاوژینەیان دەستبەسەر کردووە.

ئەو هاوژینە لەو ماوەیە تەنیا توانیویانە سێ پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورت لەژێر چاودێریی توندی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا ئەنجام بدەن.

هەروەها ئەم دوو هاووڵاتییە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون و پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

هەنگاو هەروەها زیادی کرد کە دوای تێپەڕبوونی نزیک بە حەوتوویەک لە دەستبەسەرکرانی "یووسف کەریمی"، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە ٤٩ ساڵەی خەڵکی بۆکان لە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە و هەندێک لە کەلوپەلە کەسییەکانی ئەم هاووڵاتییەشیان زەوت کراووە.

 تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.