کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسیۆنالیزم، سەربەخۆییخوازیی و ئەستێرەکانی ئورووپا!

14:40 - 21 خاکەلێوه 2726

برایم فەڕشی

ئەم ڕۆژانە، چەپ و ڕاست و شاهی و مەلایی فارس  زۆرتر لە جاران باس لە جوداییخوازیی، حیزبی کوردی دەکەن، گوایە گەرەکیانە ئێرانی ئەوان "تجزیە" بکەن. بە درێژایی مێژوو ئەمە تێگەیشتنی زاڵی حکوومەت و نوخبەی فارس و ناوەندگەرا بووە و هەیە. بە ساڵان بە تایبەت لە ناوچەی فارس باس لەوە کراوە و دەکرێ کە مەسەلەی نەتەوەیی و نەتەوایەتی لە سەردەمی گلۆبالیزم بەرەو کەمڕەنگبوون چووە و دەچێ و فرەنەتەوەبوون و جیهانیبوون بە وتەی هامبرماس، فەیلەسووفی ئاڵمانی جێگای نەتەوەییبوون دەگرێتەوە. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەش یەکیەتیی ئورووپا بە نموونە دەهێننەوە.

نووسەری ئەم دێڕانە لە کتێبێکدا بە ناوی (مرۆڤ و ناسنامە و ناسنامەی نەتەوەیی) کە جارێ لە لایەن وەشانخانەوە چاپکردنی ڕاگیراوە، ئەم بابەتەی تاوتۆ کردووە کە چۆن ناسیۆنالیزم لە هەموو ئورووپا، فەڕانسە، ئاڵمان، هۆلەند، ئوتریش، بلژیک، ئیسپانیا، ئیتالیا، سکاندیناوی و شوێنی تر گەشەی سەندووە. هەڵوەشانەوەی یۆگسلاوی، چێکۆسڵواکی دوو وێنەی بەرچاو بوو. جگە لەوە یەکیەتیی ئورووپا لە نێوخۆیدا تووشی قەیرانێکی بنەڕەتی بۆتەوە کە بابەتی سەرەکی گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی سیاسی وڵاتانی نێو یەکیەتییەکەیە و ئەوەش وای کردووە یەکیەتیی ئورووپا لە زۆر لایەنەوە نەتوانێ وەک ناوەندێکی ئورووپی هەڵوێستی یەکدەست هەبێت و بەرنامەکانی پێش بخات.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە لە وڵاتانی ئورووپا، ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و ناوچەیی لە گەشەکردن‌دایە  و داوای سەربەخۆییکردن، تەنیا "باسک" و "کاتەلان" ناگرێتەوە. ژمارەی  جوداییخوازانی ئورووپا بە سەد گرووپ و حیزب و ناوچە مەزندە دەکرێ. هەرچەند ناسیۆنالیزم و سەربەخۆییخوازیی لە ئورووپا لە سەدەی ١٨ و ١٩ گەرم بوو، بەڵام ئەو نەتەوە و کۆمەڵگەیانەی وەک خۆیان نەکەوتنە نێو پرۆسەی سەربەخۆییخوازیی سەدەکانی ڕابوردوو، ئێستا داوای  سەربەخۆیی و بڕیاردانی مافی خۆیان دەکەن و لە لایەنی سیاسییەوە جیاواز دەنوێنن. بەناوبانگترین هێز و جووڵانەوەکان بریتین لە:

- کاتەلان (ئیسپانیا) کە بە ساڵان داوای جیابوونەوەی تەواو لە ئیسپانیا دەکەن.

- جووڵانەوەی شۆتلاند (بریتانیا) کە وەک حیزبی نەتەوەی شۆتلاند (SNP) بە تەمان دووهەمین ڕێفڕاندۆمی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە ببەن.

- نەتەوەخوازانی فلامی (Flandern) بلژیک کە زمانیان هولەندییە و ژمارەیان دەگاتە نزیک حەوت میلیۆن کەس و داوای جیابوونەوە لە بەشی فەڕانسە زمانی بلژیک دەکەن.

- باسکەکان لە ئیسپانیا کە لەمێژ ساڵە داوای سەربەخۆیی خۆیان لە سپانیا دەکەن.

- کرۆسیکا Korsika دوورگەیەکی نزیک ئیتالیایە، بەڵام لە ساڵی ١٧٦٨ەوە بۆتە مڵکی فەڕانسە و داوای خودموختاریی زۆرتر هەتا سەربەخۆیی خۆیان لە فەڕانسە دەکەن.  

- هەروەها ئەو شوێنانەی داوای سەربەخۆیی دەکەن وەک پادانیەن و باشووری تیرۆل لە ئیتالیا، دورگەی فێرۆر لە (دانمارک) و بایرن لە ئاڵمان کە خاوەنی دامودەزگای خۆیانن.  حیزبی بایرن Die Bayernpartei BP ساڵی ١٩٤٦ دوای کۆتایی شەڕی دووهەم دامەزراوە و داوای جیابوونەوە لە ئاڵمان دەکات. ئەم حیزبە لە ساڵی ١٩٤٩ هەتا ساڵی ١٩٦٦ ئەندامی پارلەمانی ئاڵمان بووە و ئێستا ئەندامی پارلەمانی ئەیالەتی بایرن و ئەندامی بەرەی ئازاد لە ئورووپایە کە ٣٨ ئەندام، واتە حیزب و گرووپ لە خۆ دەگرێ. حیزبی بایرن گەرەکیە ئەیالەتی بایرن لە ئاڵمان جیا کاتەوە، بەڵام ئەندامی فێدرالیزمی ئورووپا بمێنێ و ئابووریی و سیاسەتی خۆی و بایەخە نەتەوەییەکانی خۆی ڕاگرێ و بیپارێزێ. ئەم حیزبە خۆی لە حیزبی سەرەکیی بایرن کریست دێموکرات مەسیحی دوور ڕادەگرێ و ئەوان بە حیزبی ناوەندگەرا دەناسێنێ.

هۆی جیابوونەوەی ئەم خەڵکانە جگە لە مەسەلەیی نەتەوایەتی، فەرهەنگی، زمانی و ناسنامە،  سیاسەتی  ئابووریی حکوومەتی ناوەندیی بەرانبەر بە خۆیان و ناوچەکەیانە کە دواکەوتوتر لە شوێنی تر ڕاگیراوە. جگە لەم جووڵانەوانە، پاش دەرچوونی بریتانیا لەنێو یەکیەتیی ئورووپا هێزی ناسیۆنالیست لە زیادبوون‌دایە و لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپا لە ڕێگای هەڵبژاردن هێدی هێدی هەم لەنێو پارلەمانی ئورووپا و هەم پارلەمانی وڵاتان و ئەیالەتەکان پەرە دەستێنن و لە ساڵانی داهاتوو ڕەنگە لە زۆر وڵاتی وەک فەڕانسە، ئاڵمان، هولەند، ئوتریش و شوێنی تر زۆرینەی دەنگ پەیدا بکەن و دەسەڵاتی دەوڵەت و حکوومەت بگرنە دەست و بوونی یەکیەتیی ئورووپا تووشی قەیرانی بنەڕەتی بکەن.

ئەم پرۆسەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپاش لە ئارادایە:

- حیزبی ساین فەین Sinn Féin  باکووری ئیرلەند ساڵانێکە داوای یەکگرتنەوەی هەر دوو ئیرلەند دەکات،  کارێک کە ئاڵمانییەکان بە یەکگرتنەوەی دوو ئاڵمان کردیان و کارێک کە کورد دەبوو لە سەدەی شازدە و سەدەی هەژدە و سەدەی بیستدا کردبایان و تا ئێستا دوا کەوتووە و بۆیان نەکراوە.

لە ئورووپا، مافی نەتەوەکان Volksrechte بە ڕەسمی ناسراوە،  بەڵام لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتانە باس لە جیابوونەوە وەک ماف نەکراوە و ئەو خەڵکانە ڕووبەڕووی حکوومەتی ناوەندی دەبنەوە ، هەر وەک چۆن ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە ئورووپای ساڵان و دەیەکانی داهاتوو بێتوو وڵامی ئەم پرسیارانەی ئێستا نەداتەوە، تووشی قەیران و شەڕ و کێشە دەبێ. ئایا کوردی پارچەپارچەکراو لە چوارجێوەی تیۆریی و سیاسەت و بەرنامە وستراتێژیی بە بوونی ئەو ئورووپایە کە مێژووی ٢٥٠ ساڵەی دێموکراسیان  لە پشتە، پرسیاری تازەیان بۆ نایەتە پێش؟ ئایا دەوڵەتانی دیکتاتۆری ناوچە کە کوردستانیان داگیر کردووە، خەونی کورد لە دێموکراسی خۆیاندا وەدی دەهێنن، هەتا کورد لە سایەی دێموکراسی ئەواندا، ببێتە خاوەنی مافی خۆی؟