کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوتوێکردنی پرسی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پلاتفۆرمی ئیکس

18:35 - 21 خاکەلێوه 2726

شەوی پێنجشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، سپەیسێکی تایبەت بە ناوی ''پرسی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی'' لە پلاتفۆرمی ئیکس بە بەشداریی دکتور بێهرووز چەمەن‌ئارا، بەرپرسی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە ئاڵمان، بەڕێوەچوو؛ کۆبوونەوەیەک کە بە شێوەیەکی دیاریکراو تەرخان کرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە پێگەی داواکارییەکانی کورد لە هاوکێشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا.

ئەم بەرنامە دەنگییە بە دەسپێشخەریی تیمی سۆشیال میدیای دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، توێژەران و بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو.

لەم دانیشتنەدا، پەیوەندیی پرسی کورد لەگەڵ ڕەوتە نەیارەکانی ڕێژیمی ئێران و ئاستی سەرنجی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەم بابەتە، کرا بە تەوەری سەرەکیی باسەکان.

دکتور بێهرووز چەمەن‌ئارا، کە یەکێکە لە توێژەرانی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی، لەم بەرنامەیەدا ڕوانگە و بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە دۆخی کولتووری، زمانەوانی و سیاسیی کورد لە ئێران، عێراق، سووریە و تورکیە خستە ڕوو. هەروەها بە ئاماژەدان بە ئەزموونەکانی پێشووی خۆی لە ناوەندە زانستی و ڕاگەیاندنەکاندا، باسی لە ئاڵنگارییەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، سیاسەتە کولتوورییەکان و گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر چالاکییە زانکۆییەکان و ناوەندە توێژینەوەییەکان کرد.

ئەم گفتوگۆیە جەختی لەسەر یەکێک لە ئاڵۆزترین بابەتە سیاسییەکانی ئێران، واتە پرسی کورد کردەوە؛ بابەتێک کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا هەمیشە لە چەقەی باسە سیاسی، کۆمەڵایەتی و یاساییەکاندا بووە و لە ساڵانی دواییدا، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن، سەرنجی زیاتری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

لە میانی ئەم دانیشتنەدا، ئەم پرسیارە ورووژێنرا کە ئایا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی توانیویەتی پرسی کورد وەک داواکارییەکی سیاسی-ناسنامەیی بە دروستی لێی تێبگات و نوێنەرایەتی بکات یان نا. هەروەها، ڕۆڵی حیزب و بزووتنەوە کوردییەکان لە داهاتووی سیاسیی ئێران و کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی دەسەڵات، لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیکەی باسەکە بوو.

لە بەشی دووهەمی بەرنامەکەدا، ئەو پرسیارانەی کە پێشوەختە لەلایەن تیمی بەڕێوەبەرەوە ئامادە کرابوون ئاراستە کران و دکتور چەمەن‌ئارا وەڵامی دانەوە. لە درێژەدا، بەشداربووانیش دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە بە وەرگرتنی مایکرۆفۆن، پرسیارەکانی خۆیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میوانی بەرنامەکەدا باس بکەن؛ بەشێک کە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و بووە هۆی خستنەڕووی ڕوانگە و بۆچوونی جیاواز.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کۆتاییدا ئەوەی نیشان دا کە پرسی کورد هێشتا یەکێکە لە خاڵە پڕ لە ئاڵنگاری لە نێوان ڕەوتە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی؛ بابەتێک کە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵی دەکرێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە داڕشتنی داهاتووی سیاسیی ئێراندا.