لە درێژەی دەستبەسەری و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران، چارەنووسی هاووڵاتییەک دوای زیاتر لە یەک مانگ دەستبەسەری هەروا ناڕوونە و هاووڵاتییەکی دیکەش بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندان کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک لە دەستبەسەری "حەدیس حەقیقی"، بلاگێڕی ٢١ ساڵەی خەڵکی ورمێ، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەست نییە.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم شەوانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و حەدیس و باوکیان دەستبەسەر کردووە و تا ئێستاش لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراون.
هەروەها لاپەڕەی تاکەکەسی ئەو بلاگێرە کوردە لە "ئینستاگرام" بە فەرمانی ناوەندەکانی ڕێژیم و تا کاتێکی نادیار ڕاگیراوە و لاپەرەکەیان داخستووە.
کوردپا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند کە هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاوایی "خەلیفان"ی سەر بە شاری نەغەدە، بەناوی "مەنسوور عەبدوڵڵازادە" دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.
ئەو هاووڵاتییە ٤١ ساڵە لە ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، بە شێوەی توندوتیژانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم دەستبەسەر و و موبایلەکەی زەوت کرابوو.
شایانی باسە کە تا ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.