کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەری حیزبی دێموکرات و دیاسپۆرای کورد لەگەڵ نوێنەرانی پارلەمانی نۆڕوێژ

17:35 - 22 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە پارلەمانی نەرویژ لەلایەن "ڕێکخراوی دیاسپۆرای کورد" ڕێک خرا.

 مەبەست لە کۆبوونەوەکە گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی کوردستانیانی دانیشتووی نەروێژ بەرامبەر بە ٧٠٣ هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا بوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیامێکی ٦ خاڵیی دیاسپۆرای کورد ڕادەستی مانی حوسەینی، پارلەمانتاری پارتی کرێکاران و ماگنۆس بیۆربێک، ڕاوێژکاری پارلەمان و وەزارەتی دەرەوە کرا.

شۆڕش ئوستادی، ئەندامی دەستەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆڕوێژ، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە باشووری کوردستان لە ڕیزبەندی سێهەمی ئەو ناوچانەدایە کە زۆرترین هێرشی ڕێژیمی ئێرانیان کراوەتە سەر و ئاماژەی بەوە کرد کە کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات بە ئامانج گیراون و بووەتە هۆی شەهیدبوون و ئاوارەبوونی خەڵکی سڤیل.

ئوستادی هەروەها ئاماژەی بە و گوشار و هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر حیزبە دژبەرەکانی لە باشووری کوردستان کرد و داوای لە نوێنەرانی پارلەمانی نۆڕوێژ کرد کە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە داکۆکی لە مافی پەنابەران بکەن و هاوکاریی مرۆیییان بکەن.

هاوکات ئەندامانی فیدراسیۆنی کورد و بەشداربووان داوایان کرد دەوڵەتی نۆڕوێژ هێرشەکان مەحکووم بکات و کار بۆ لێپرسینەوە لە گرووپە تیرۆریستییە نیابەتییەکان بکات.

مانی حوسەینی و ماگنۆس بیۆربێک بەڵێنیان دا کە تەواوی داواکارییەکان دەگەیەننە وەزارەتی دەرەوە و لە ڕێگەی ڕێکخراوە مرۆیییەکانی نۆڕوێژەوە کە لە هەرێم چالاکن، لە هاوکارییەکانیان بەردەوام دەبن.