
د. مەنسوور سۆهرابی
دوای زیاتر لە مانگێک شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەکی ترەوە، کە زیانی قورسی لێ کەوتەوە و کوژرانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و لەوانەش خامنەیی لێ کەوتەوە، ئێستا گفتوگۆگەلێک بەناوی دانوستانەکانی ئاشتی لە ئیسلامئابادی پاکستان بەڕێوە دەچێت. دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، دوای چەند حەفتە بۆردوومانی ئامانجدار بۆ سەر دامەزراوە حەیاتییەکانی ڕێژیمی ئێران و هاوکات هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە مووشەکی و هەواڵگرییەکانی سپای پاسداران، سەرەنجام لەگەڵ ئاگربەسێکی دوو حەفتەیی ڕەزامەندیی نیشان دا تا ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونەکان و ڕەنگە سەرەتایەک بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسی بکرێتەوە.
لە ڕووکەشدا، ئاگربەسێکی لەو شێوەیە دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ مەیلی گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و ژیریی دیپلۆماتیک هەژمار بکرێت؛ بەڵام سەرنجدانێکی وردتر لە پێکهاتەی شاندی ئێرانی لەم دانوستانانەدا، وێنەیەکی جیاواز دەردەخات. ئەم شاندە نەک سیمای ئاشتی، بەڵکوو سێبەری شەڕی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. سەرۆکایەتیی شاندەکە لە ئەستۆی محەممەدباقر قالیبافدایە؛ کەسایەتییەکی سەربازی کە ساڵانێک لە لووتکەی سپای پاسداران بووە و وەک مێشکی داڕێژەری پڕۆژە مووشەکییەکانی ئێران دەناسرێت. ئامادەبوونی ئەو لە سەرۆکایەتیی شاندێکی ئاشتیدا، بەزەحمەت دەکرێت وەک نیشانەی مەیلی ڕاستەقینە بۆ ئارامی هەژمار بکرێت.
لە پەنای قالیبافدا، ناوی محەممەد جەعفەریی سەحراڕوودی دەبینرێت؛ ئەو کەسەی لە تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڤییەن، تۆمەتبارە. ئامادەبوونی ئەو جارێکی تر ئەم ڕاستییە تاڵەمان وەبیر دەهێنێتەوە کە کۆماری ئیسلامی نەک هەر دەستی لە سیاسەتی تێرۆر و سڕینەوەی ڕەخنەگران هەڵنەگرتووە، بەڵکوو تێرۆریستە کۆنەکانی بەناونیشانی فەرمی بۆ نێو کایەی دیپلۆماسی گەڕاندووەتەوە. ئەم پێکهاتەیە، ماهییەتی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد بەڕوونی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ناکرێت شاندێک بەو ڕابردوو و پێکهاتەیەوە، بە شاندی ئاشتی ناو ببردرێت. لە ڕاستیدا، ئەم گفتوگۆیانە پێش ئەوەی سەبارەت بە ئاشتی بن، هەوڵێکن بۆ نۆژەنکردنەوەی سیمایەکی زیانبەرکەوتوو؛ هەوڵێک لە لایەن حکوومەتێکەوە کە لە شەڕی ئەم دواییەدا گورزی جەرگبڕی بەرکەوتووە و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت تا گوشاری سەربازی و ئابووری کەم بکاتەوە و هێزەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە.
لە درێژەی ئەم شەڕەدا، ئیسرائیل ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گێڕا. هێرشە ورد و چڕەکانی سوپای ئیسرائیل، ژێرخانە مووشەکییەکان و تۆڕەکانی فەرماندەیی سپای پاسدارانی تێک شکاند. ئەم هەنگاوانە بە هەماهەنگی لەگەڵ واشینگتۆن داڕێژران و زۆربەی فەرماندە سەرەکییەکانی سپا و پلە باڵا ئەمنییەکان لەنێو چوون. کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێکە بە پشتبەستن بە سپا، خۆی بە کۆڵەکەی دەسەڵاتی ناوچەیی دەزانی، لە ماوەی چەند حەفتەیەکدا بەشێکی بەرچاوی توانای سەربازی و هەواڵگریی خۆی لەدەست دا. لەم بارودۆخەدا، ئاگربەسی کاتی بۆ تاران، پێش هەر شتێک وەک هەناسەیەکی ستراتیژیک هەژمار دەکرێت، نەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی.
قالیباف و هاوڕێیەکانی لە ئیسلامئاباد بە باشی دەزانن کە بەبێ ئەم ئاگربەسە، پێکهاتەی سەربازیی حکوومەتەکەیان توانای بەردەوامیی نەدەبوو. بەڵام هەروەک چۆن ئەم ئاگربەسە بۆ ئەوان دەرفەتێکی حەیاتییە، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تەڵەیەکی سیاسییە؛ چونکە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک بەبێ گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕەفتار و ماهییەتی سپای پاسداران، لە کردەوەدا دەبێتە هۆی بووژانەوەی هەمان ئەو بازنەیەی کە لە وێرانەکانی شەڕەوە دووپاتە قەیران دروست دەکاتەوە.
لەم سۆنگەیەوە، دەبێ بە وریاییەوە سەیری دەستەواژەی دانوستانەکانی ئاشتی بکرێت. حکوومەتی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دیپلۆماسیی وەک ئامرازێک بۆ هەناسەدان و نۆژەنکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی بەکارهێناوە. هەروەک چۆن لە دۆسیەی ناوکیدا بینیمان، ڕێککەوتنەکان نەک ڕێگەیەک بەرەو چاکسازی، بەڵکوو ئامرازێک بۆ کاتکڕین بوون. ئێستاش دیارە هەمان مۆدێل دووپاتە دەبێتەوە: گفتوگۆگەلێک کە لە ڕووکەشدا سەبارەت بە ئاشتین، بەڵام لە نێوەڕۆکدا هەوڵێکن بۆ مانەوەی دەسەڵاتێکی سەربازی - ئەمنی.
لە ڕوانگەی کوردەوە، ئەم دیمەنە جارێکی تر دژایەتیی ئاشکرای نێوان بانگەشەی دانوستان بۆ ئاشتی و ڕاستیی ڕەفتارەکانی تاران وەبیر دەهێنێتەوە. وڵاتێک کە ڕێبەرانی کوردی لە کاتی گفتوگۆدا تێرۆر کرد، ئەمڕۆ بەهەمان ئەو کەسانەوە لە جلی دیپلۆماتدا لەسەر مێزی دانوستان دانیشتووە. ئایا شاندێکی لەم شێوەیە دەتوانێت هەڵگری پەیامی ئاشتی و متمانە بێت؟
شەڕی ئەم دواییە دەریخست کە تەوەری دەسەڵات لە تاران هەرەسی هێناوە و سپای پاسداران، کە ساڵانێک ستوونی ئەم ڕێژیمە بوو، ئێستا بووەتە سێبەرێکی ماندوو و بریندار. مەرگی خامنەیی، ئەگەرچی بۆشاییەکی گەورەی لە لووتکەی هەرەمی دەسەڵاتدا دروست کردووە، بەڵام دەرفەتی دووپاتە بیرکردنەوەشی بۆ هێزە نێوخۆیی و ناوچەییەکان ڕەخساندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ نیشانەیەک لە گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیدا نابینرێت؛ سڕینەوەی ڕێبەر، مەرج نییە ببێتە هۆی گۆڕانی پێکهاتە، کاتێک هەمان سپا و هەمان تۆڕە ئەمنییەکان هێشتا بڕیاردەری ڕاستەقینەن.
لە بارودۆخێکی ئاوادا، گفتوگۆ لەگەڵ ڕێژیمێک کە لە کردەوەدا لە لایەن دامەزراوەیەکی تێرۆریستییەوە بەڕێوە دەبرێت، نەک هەر بێسوودە، بەڵکوو مەترسیداریشە. هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ پێکهاتەیەکی ئاوادا، لە ڕاستیدا خوێنی نوێ دەخاتە دەمارەکانی هەمان ئەو سیستەمەی کە دەیان ساڵە ناوچەکەی بە نائارامی هێشتووەتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ لە جیاتی شەرعییەتدان بەم نمایشە دیپلۆماتیکە، سەرنج بخاتە سەر لێپرسینەوە لە بکەرانی شەڕ و تێرۆر.
ئیسرائیل لەم شەڕەدا سەلماندی کە نەک تەنیا توانای تەکنیکی و هەواڵگریی بەرزی هەیە، بەڵکوو ئامادەیە بۆ سنووردارکردنی ئێران دەست بداتە هەنگاوی ڕاستەوخۆ. ئەمریکاش لە درێژەی ئەم ڕێگەیەدا، بە تێکەڵەیەک لە هێزی سەربازی و گوشاری دیپلۆماتیک هەوڵی دا کۆماری ئیسلامی پاشەکشە پێ بکات. بەڵام ئەگەر ئەنجامی ئەم گوشارانە لە جیاتی هەرەسهێنانی ماشینە جەنگییەکەی ئێران، ببێتە هۆی بووژانەوەی لە ڕێگەی دانوستانەوە، ئەوا هەموو هەوڵەکان و قوربانیانی ئەم شەڕە بێبەرهەم دەبن.
ئەرکی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و هێزە ناوچەییەکانە کە چەمکی ئاشتی لە تەسلیمبوون لە بەرانبەر فێڵ جیا بکەنەوە. ئاشتیی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک واتای هەیە کە دادپەروەری جێگیر بێت و میکانیزمە سەربازی و تێرۆریستییەکان لە دەسەڵات وەلا بنرێن. بەڵام ئەگەر هەمان پێکهاتە سەربازییەکان ئێستا لە چوارچێوەی دانوستاندا بگەڕێنەوە، ئەوا ئەنجامەکەی تەنیا نۆژەنکردنەوەی توندوتیژی دەبێت.
لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێت کە دانوستانەکانی ئیسلامئاباد پێش ئەوەی نیشانەی ئاشتی بن، درێژەی هەمان سیاسەتی لەمێژینەی کۆماری ئیسلامین: بەکارهێنانی دیپلۆماسی وەک چەتری فێڵ. لە جیهانێکدا کە تێرۆریستەکان بتوانن لە جلی دیپلۆماتدا لەسەر مێزی دانوستان دانیشن، تەنیا قوربانیانن کە دەنگیان کپ دەمێنێتەوە.
داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گرەوی ڕاستگۆیی دایە، نەک مامەڵە لەگەڵ کەسانێک کە ساڵانێکە جیاوازییەک لە نێوان دانوستان و تێرۆردا نابینن.