ڕۆژی شەممە ٢٢ی خاکەلێوە، لەسەر بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)، کۆبوونەوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری بروکسێل بەڕێوە چوو.
شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی "بەها ئیبراهیمی"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بێلژیک، تێیدا بەشدار بوون.
لە دەسپێکی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسیی پارچەکانی کوردستان و دوایین پێشهاتەکان، لەوانە شەڕی ڕۆژاوا و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل خرانە بەرباس.
"بەها ئیبراهیمی" نوێنەری حیزبی دێموکرات، وێڕای ئاماژەدان بە گرینگیی "هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، ڕایگەیاند: "چ دانوستانەکانی نێوان تاران و واشینگتن بگەنە ئەنجام و چ شکست بهێنن، ئێمە وەک حیزبی دێموکرات درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین."
ناوبراو وتی: ''خەباتی ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشتئەستوور نەبووە بە هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی و یەکگرتوویی نێوخۆیی بە کلیلی سەرکەوتن دادەنێن.''
لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی کەنەکە بۆ کۆنفرانسی ساڵانەی داهاتوو خوێندرایەوە و بەشداربووان سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر ناوەڕۆکەکەی ئاڵوگۆڕ کرد.