کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتربوونی سەرکوت و گوشار بۆ سەر زیندانییان لە ئێران لەژێر بارودۆخی شەڕدا

11:28 - 24 خاکەلێوه 2726

هاوکات لەگەڵ بارودۆخی شەڕ لە ئێران و ناوچە، ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە توندبوونەوەی گوشار و سەرکوتی سیستماتیکی زیندانییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەتایبەت لە زیندانی ئێڤین، ڕەهەندی نیگەرانکەرتریان بەخۆوە گرتووە.

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە دەسەڵات بە قۆستنەوەی کەشی شەڕ، سنووردارکردن و کۆنترۆڵە ئەمنییەتییەکانی بەشێوەیەکی بێ‌وێنە زیاد کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زیندانییان لە بارودۆخێکی زۆر سەختتر لە ڕابردوو ڕادەگیرێن؛ بەندەکان بۆ کاتژمێری درێژ داخراون، ئەگەری هاتوچۆ بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە و گوشارە دەروونییەکان بەشێوەیەکی ئامانجدار زیادکراون.

ئەم دۆخە، بەتایبەت لە بەندی ٧، بە کردەوە زیندانییانی خستووەتە ناو دابڕانی تەواوەتی و دەستڕاگەیشتنیانی بە کەمترین پێداویستییەکان پەک خستووە.

دابەزینی توندی جۆر و بڕی خۆراکیش نیشانەیەکی ڕوونی بێباکی ڕێژیمە بەرامبەر بە کەرامەتی مرۆیی زیندانییان؛ تا ئەو ئاستەی کە هەندێک شەو بەشە خۆراکی هەر زیندانییەک تەنیا بۆ چەند کەوچکە خۆراکێکی سادە کەم دەکرێتەوە.

لە بارودۆخێکی وەهادا، هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەوانە لەلایەن مای ساتۆوە بێ وڵام ماونەتەوە و کۆماری ئیسلامی زیندانەکانی کردووەتە ئامرازێک بۆ توندکردنەوەی سەرکوت لە سایەی شەڕدا.