دوو دامەزراوەی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی سەرسوڕهێنەردا ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەشێوەیەکی بەربڵاو و بێوێنە هاوڵاتییانی لەسێدارە داوە و زیاترین ئاستی سەرکوت لەنێوان نەتەوەکانی کورد و بەلووچە.
ڕاپۆرتی هاوبەشی ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" و "پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان" نیشان دەدات کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لانیکەم یەک هەزار و ٦٣٩ کەس لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسێدارە دراون کە لە ٣٦ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە و نیشاندەری گەشەی ٦٨ لەسەدی بەراورد بە ساڵی پێشووە.
بەپێی ئەو ئامارە، کۆماری ئیسلامی بە تێکڕا ڕۆژانە زیاتر لە ٤ کەسی لەسێدارە داوە؛ ڕەوتێک کە بە وتەی بەرپرسی مافی مرۆڤی ئێران، بە ئامانجی دروستکردنی ترس و تۆقاندن و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی نوێ ئەنجام دەدرێت.
ئەو ڕاپۆرتە جەخت دەکاتەوە کە لە نێوان قوربانییەکاندا ٤٨ ژن دەبینرێن و زۆرێکیشیان بە تۆمەتی سیاسی لەوانە "سیخوڕی" لەسێدارە دراون.
لەو ڕاپۆرتە هاوبەشەدا هاتووە کە دوو نەتەوەی "کورد" و "بەلووچ" زیاتر لە نەتەوەکانی تر و بەشێوەی سیستماتیک لەلایەن کۆماری ئیسلامی سەرکوت و لەسێدارە دراون.
ئەم ڕاپۆرتە هاوبەشەی جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامارە کەمترین ژمارەی ڕاستەقینەی لەسێدارەکانە و و زۆربەی لەسێدارەدانەکان بە شاراوەیی ئەنجام دەدرێن.
لە درێژەی ئەم هۆشدارییەدا هاتووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەم قەیرانەی ئێستا بە سەلامەت دەرباز بێت، مەترسییەکی جیددی هەیە کە لەسێدارەدانەکان زیاتر لە ڕابردوو وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و گوشار خستنە سەر هاووڵاتییان بەکار بهێنرێن.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ١٦٣٩ کەس لە ساڵی ٢٠٢٥ لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ٩٧٥ کەس لەسێدارە درابوون و ئەوەش نیشاندەری بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی سێدارەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییە.