کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارتی سۆسیالیستەکانی ئورووپا

20:02 - 25 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ شاندێکی یاوەری، لە شاری بروکسێل لەگەڵ یێنیک پۆلێت، جێگری سکرتێری پارتی سۆسیالیستەکانی ئورووپا کۆ بوونەوە.

لەم دیدارەدا کە بەڕێزان حیسام دەستپێش، نوێنەری حیزب لە دامەزراوەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئاسۆ عەزیزی، نوێنەری حیزب لە بێلژیک ئامادەی بوون، یێنیک پۆلێت لە سەرەتای قسەکانیدا داوای لێبوردنی کرد کە سەرۆکی پارتی سۆسیالیستەکانی ئورووپا بەهۆی بەشداری لە کۆبوونەوەی سۆسیال دێموکراتەکان لە وڵاتی ئیسپانیا، نەیتوانیوە ڕاستەوخۆ پێشوازی لە کاک مستەفا هیجری بکات.

دواتر بەڕێز هیجری باسێکی کورتی لەبارەی مێژووی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتی نەتەوەی کورد لە سەردەمی هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئێراندا کرد. بەڕێزیان لە قسەکانیدا توندوتیژییەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر خواستە ڕەواکانی خەڵک بەتایبەت کوشتاری ڕەزبەر و هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کرد و پتر شیکردنەوەی لەسەر خواستی نەتەوەیی و ئامانجی خەباتی میللەتی کوردی لە ئێران خستەبەرباس.

جێگری سکرتێری پارتی سۆسیالیستەکانی ئورووپا پاش باسێک لەسەر بارودۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جەختی کردەوە: ''ئێمە پشتیوانی داواکارییەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەین''. ناوبراو سەبارەت بە سەرکوتی خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاند: ''خۆمان بە پاڵپشتی خواستە مەدەنییەکانی گەلی ئێران دەزانین.''

پۆلێت وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕێکخراوەکەیان و حیزبی دێموکرات، ڕوو بە کاک مستەفا هیجری وتی: ''هیوادارین پەیوەندییەکانمان بەردەوام بێت و ئەم دیدار و بیروڕاگۆڕینەوانە لە داهاتووشدا درێژەیان هەبێت.''

لە کۆتاییدا هەردوو لایەن دوایین بارودۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت ئێرانیان هەڵسەنگاند و نیگەرانیی خۆیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و چوونەسەری ڕێژەی ئێعدامی زیندانییە سیاسییەکان دەربڕی.