جێگری نێردەی پارلەمانی ئورووپا دانیەل ئەتارد بە هاوڕێیەتی خاتوو ئەڤین ئینجە ئەندام پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا پێشوازییان لە بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.
ئەم دیدارە کە لە بینای یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێلی پێیتەختی بێلژیک ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە پێکهات، بەڕێز هیجری خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە دیدارەکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی سۆسیالیست و سۆسیال دێموکراتەکان، ئەوانیش باسی پێویستی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران دەکەن.
لەم دیدارەدا کە شاندێکیش هاوڕێی دانیەل ئەتارد بوون، چەند پرسیارێکیان لەبارەی بارودۆخی کوردستان و ئێران کرد کە بەڕێز هیجری وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند: ''خەباتی حیزبی دێموکرات لە ئێران زیاتر لە هەشتا ساڵە لە ئارادایە و نەبەستراوەتەوە بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئێمە هەتا گەیشتن بە داوا ڕەواکانمان دژی دیکتاتۆری درێژە بە خەباتەکەمان دەدەین''.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی خواستەکانی حیزبی دێموکرات کاک مستەفا هیجری وەڵامی دایەوە: ''ئێمە خوازیاریی وەدیهاتنی ئێرانێکی دێموکرات و سیکولار و فێدراڵین.''
لە درێژەی دانیشتنەکەدا بەڕێز ئەڤین ئینجە باسێکی لەبارەی پێوەندییەکانی کورد و وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا کرد و ئەم دانیشتنانەی بە گرینگ وەسف کرد، هەروەها بەڕێز دانیەل ئەتارد لەبارەی بارودۆخی ئابووری، سیاسی و بەتایبەت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و توندوتیژی لەگەڵ ژنان لە ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە، باسێکی پێشکەش کرد و شاندی یاوەری سپاسی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو ڕوونکردنەوە گرینگانەی لە درێژەی باس و وەڵامدانەوەکاندا کە بەڕێز هیجری، هێنایە بەرباس.