ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، لە بینای پارلەمانی ئورووپا لە بروکسێل سەرۆکی گرووپی سۆسیال دێموکرات خاتوو ایراکسا گارسیا Iratxe García پێشوازیی لە بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.
سۆسیال دێموکراتەکان کە دووەمین گرووپی گەورەی پارلەمانی ئورووپان و خاتوو گارسیا سەرۆکایەتی دەکات، بەگەرمیی پێشوازیی لە بەڕێز هیجری کرد و لە دیدارەکەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پاش خۆشحاڵیدەربڕین بۆ پێشوازیی و ڕەخساندنی ئەم چاوپێکەوتنەکە باسێکی سیاسی پێشکەش کرد.
بەڕێزیان لە باسەکەیدا ئاوڕێکی لە باروودۆخی ئێران و ناوچەکە دایەوە و هەروەها باسی یەکگرتووی نەتەوەی کورد لە ئێران و ئامادەیی بۆ هەر سیناریۆیەک و هەروەها پێکهێنانی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرد.
کاک مستەفا لەبارەی گرینگی لێک نیزیکبوونی هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان لە ئێران لەم باروودۆخە هەستیارەدا و هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی لەمبارەوە، ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی هێنایە بەرباس.
پاشان سەرۆکی گرووپی سۆسیال دێموکرات بۆچوونی خۆیان و لەهەمانکاتدا پێگەی خۆیان بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران خستە بەرباس کە تێیدا ئاماژە بە هاوکاریی خەڵک، ئوپۆزیسیونی دێموکراتیک و بەها هاوبەشەکانی هەردوو لایەن کرد.
بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ بیروڕا گۆڕینەوە لە سەر ژینەگەکانی هاوکاری کە لەلایەن بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبەوە تیشکیان خرایەسەر.
ئەم دیدارە لەو بوارەوە گرینگە کە سەرۆکایەتی گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان دەنگێکی بەهێزی نێو پارلەمانە و لە زۆر بواردا دەتوانێ یارمەتیدەری دۆزی ڕەوای خەباتی نەتەوەی کورد لە ئێران بێت.