ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ناڕازییان و دژبەرانی خۆی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی جێبەجێ کرد.
هەواڵدەری "میزان"ی سەر بە دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیم، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی "ئەمیرحوسێن حاتەمی"، تەمەن ١٩ ساڵ، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار جێبەجێ کراوە.
ئەو هاووڵاتییە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی "ئاگرتێبەردانی بنکەی بەسیجی کاوە" بە تۆمەتی "موحارەبە" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
لە ڕاپۆرتەکەی ''میزان''دا هاتووە کە حاتەمی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بە ڕاشکاوی وتوویەتی: "ئامانجم لە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان ڕووخاندنی ڕێژیم بووە و بۆ دەستکەوتنی چەک و فیشەک هێرشم کردووەتە سەر ئەم شوێنە."
ئەم ئیدیعایە لە کاتێکدا دەکرێت کە تۆمەتبارانی دۆسیە ئەمنییەتییەکان ڕێگەیان پێنادرێت پارێزەری دڵخوازی خۆیان هەبێت و زۆربەی دانپێدانانەکانیشیان لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لێ وەردەگیرێت.
لەسێدارەدانی ئەمیرحوسێن حاتەمی لە حالێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ١١ی خاکەلێوە ڕایگەیاند ئەمیرحوسێن حاتەمی وێڕای چوار تۆمەتباری دیکەی ئەو دۆسیەیە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە و لەبەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادان.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، بە پەنابردن بۆ پەتی سێدارە و کوشتنی گەنجانی ناڕازی، دەیهەوێت شەپۆلێکی نوێی ترس و دڵەڕاوکێ بخاتە نێو کۆمەڵگەوە. تاران بەم هەنگاوانە هەوڵ دەدات پێش بە تەقینەوەی تووڕەیی خەڵک بگرێت و بە نیشاندانی توندوتیژی، وا نیشان بدات کە هێشتا کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی لە دەستدایە، لە کاتێکدا ئەمە تەنیا نیشانەی لێژیی ڕێژیم و بێچارەیی لە بەرانبەر ئیرادەی گۆڕانکارییە.