شەپۆلی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە بەردەوامە و چارەنووسی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شارەکانی سەقز و بۆکان دوای تێپەڕبوونی مانگێک، بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی "سوبحان عەزیزی" و "ئومێد خۆرشیدی"، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستییان بەردەست نییە.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و لە ڕێگەی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کران.
هاوکات لە شاری بۆکان، "ئیسماعیل کەریمی" هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "شۆڕیجە"، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، هێشتا چارەنووسی نادیارە.
ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەستبەسەر و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گواستراوەتەوە.
کوردپا ڕایگەیاند کە ئیسماعیل کەریمی پێشتریش لە ساڵی ١٤٠١ لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کرابوو.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەریاندا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون و هۆکاری دەستبەسەرکردنیان تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە.
و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون بڵاو نەکراوەتەوە.