ناوەندی ئۆڵۆف پاڵمێ ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، کۆڕێکی سیاسی لەژێر ناوی "هاوپێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران" ڕێکخست. کۆڕەکە لە دوو پانێڵی جیاوازدا بە بەشداریی کارناسان و کەسایەتییە سیاسییەکانی سوید بەڕێوە چوو.
لە پانێڵی یەکەمدا، دوکتور ئیدریس ئەحمەدی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، سارا ڕەجا بارین، ڕۆژنامەنووس و ئازادە ڕۆژان، ئەندامی پەرلەمانی سوید، بارودۆخی ئێرانیان پێش و دوای شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران شی کردەوە. هەروەها تیشک خرایە سەر بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، سیاسەتی سەرکوت و هۆکارەکانی مانەوەی ڕێژیم تا ئێستا.
پانێڵی دووەم بۆ خستنەڕووی ڕێکارەکانی پشتیوانیی سوید لە گەلانی ئێران تەرخان کرا. مارگۆت واڵسترۆم، وەزیری پێشووی دەرەوەی سوید، ئەلێکساندرا وۆلکێر، ئەندامی لێژنەی سیاسەتی دەرەوەی پارلەمان و لەیف ئیساکسۆن، نوێنەری یەکیەتیی ڕێکخراوە پیشەیییەکان، ڕوانگەی حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنیی سویدیان بۆ هاوکاریی بزووتنەوە دێموکراسیخوازەکان خستە ڕوو.