ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ هەتاوی، ئەندامانی بەشی پێوەندیەکانی دەروەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆڕوێژ، پێک هاتوو لە ئەمیر باباخانی و دلێر خورشیدی لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی نۆڕوێژ لە پاڕلەمانی نۆڕوێژ وێڕای نوێنەرانی چەند حیزبی هاوپەیمان و ڕێکخراوی هەنگاو و سەنتەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە.
هەیئەتی حیزب چەندین داوای پێشکەشی ڕاسپێردراوی وەزارەتی دەرەوەی نۆرێژ کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئاگربەس لەگەڵ ئەمریکا، درێژەی بە بۆردومانکردنی کەمپەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە و ئەوەش بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی ماڵی و گیانی لە باشووری کوردستان.
هەروەها لەو کۆبوونەوەیە ئاماژە بەوە کرا کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەسی کاتی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیل، پرۆسەی دەسبەسەرکردنی خەڵک لە ئێران بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ڕووی لە زیاد کردنە و مەترسی ئێعدامی ئەو بەندکراوانەوە زۆرە.
هەیئەتی حیزبی داوای لە حکوومەت و وەزارەتی دەروەی نؤڕوێژ کرد کە ئەو داواکاریانە بە شێوەیەکی فەرمی بە دام و دەزگا نێودەوڵەتیەکان و لە سەرەوەی هەموویانش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بگات و ڕێکاری پێویست سەبارەت بەو داواکاریانە بگرنەبەر.