شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و ڕاپۆرتی سەرچاوە حکومەییەکان نیشان دەدەن تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ چالاکی سیاسی و خوێندکاری لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەستبەسەر کراون.
ڕاگەیاندنی سپای پاسدارانی سیستان و بەلووچستان ڕایگەیاندووە کە ٥٥ کەسی لە شارەکانی ئەم پارێزگایەدا بە تۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاری لە شوێنە هەستیارەکان و ژێرخانەکانی پارێزگاکە بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە چوارچێوەی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستبەسەر کردووە هەروەها لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٤٥ هاووڵاتی لە پارێزگاکانی خوزستان و گەیلان و ئسفەهان و هۆرمۆزگان و هەمەدان و کرمان و کرماشان لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
چالاکانی سیاسی و خوێندکاران و مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی و کرێکاری لەو توێژانەن کە لە حەوتووەکانی ڕابردوو و دوای دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی شەپۆلێکی دەستبەسەرکردن و سەرکوتی دیکە وەک بانگکردن و لێپێچینەوە و هەڕەشە بوونەتەوە.
دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان بە تۆمەتی ئەمنییەتی وەک سیخوڕی و پشتیوانی لە شەڕ و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و هەروەها هەوڵدان دژی ئەمنییەتی وڵات لە کاتێکدایە کە دەزگای دادوەری جەخت لەسەر دادگاییکردن و جێبەجێکردنی خێرای سزاکان دەکاتەوە ئەم بابەتەش نیگەرانییەکان لەبارەی زیادبوونی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایەن زیاتر کردووە.