خەڵکی کوردستان و ڕای گشتیی نێودەوڵەتی ئاگادار دەکەینەوە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٨ی خاکەلێوە، جارێکی دیکە ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی، کە بەهۆی شەڕەکانی ئەم دواییانەوە لەوپەڕی لاوازیی خۆیدایە، لە ئەنجامی ترس و فۆبیای هەمیشەیی لە هێز و ڕەوایەتیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی لە کاتی ئاگربەستی دوو حەفتەیی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەزاندەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٧ جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپەکانی حیزبی دێموکرات، لە بەردەوامیی دەستدرێژییەکانیدا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر کەمپی پەنابەرانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە "جێژنیکان" لە نزیک شاری هەولێر، هەروەها پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەئامانج گرتەوە. بەهۆی ئەم هێرشانەوە بەداخەوە دوو پێشمەرگەی کچ بە ناوەکانی "نەدا میری" و "سەمیرا ئەڵڵایاری" و ڕۆڵەی نیشتمان "شاهین ئازەربەرزین" (کوڕی بنەماڵەی پێشمەرگە) شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
کۆماری ئیسلامی وەک خووی هەمیشەیی دەیدەوێت تۆڵەی شکستی سەربازی، سیاسی و ئەمنییەتیی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی بە هێرشکردنە سەر کەمپ و بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکاتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەو ڕێژیمە بە پەیکەرێکی وێران و داڕماوەوە، زیاتر لە هەموو کاتێک لە ئاست ئیرادەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران تووشی شڵەژان و سەرلێشێواوی بووە. ئەو حکوومەتە کە هیچ کاتێک پابەندی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان نەبووە، چاوەڕوانی ئەوەشی لێ ناکرێت لە سەرەمەرگی خۆیدا دەست لە خەڵکی مەدەنی و ئەو کەمپانە بپارێزێت کە خەڵکی سڤیلی تێدا دەژین.
حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەوەی بە شانازییەوە لە ئاست هێرشی بێبەزەییانەی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی کوردستان خەباتی پێشمەرگانەی کردووە و بەرگریی لە مان و ناسنامەی نەتەوەکەی کردووە، بەڵام هەمیشە لایەنگری چارەسەری ئاشتییانە و سیاسییانەی پرسی کورد بووە و بۆ ڕەخساندنی دەرفەتێکی ئاواش تێچووی گەورەی داوە، کەچی ئەو ڕێژیمە وەڵامی هەموو ئەو هەوڵانەی بە مووشەکباران، تێرۆر، سێدارە و سەرکوتکردن داوەتەوە.
ئێمە وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشانە، ڕادەگەیەنین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی خۆی لەگەڵ عێراق پێشێل کردووە، بەمجۆرە ئێمەش بەرگریی ڕەوا بە مافی خۆمان دەزانین. هاوکات داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان، وڵاتانی دێموکرات و دۆستانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەین، لە نێو پرسی بازاڕی نەوت و چەکی ئەتۆمیدا، پرسی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە پرسی کورد و خەباتە دێموکراسیخوازییەکەی فەرامۆش نەکەن و لێپرسینەوە لەو هێرشانە بکەن کە دەکرێنە سەر کەمپەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات، قوتابخانە، نەخۆشخانە، گۆڕستان و بنکە مەدەنییەکان. ئێوە دەتوانن ئەو کردەوانە وەک "تاوانی جەنگ" بناسێنن و کۆدەنگیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی پێک بهێنن و سزای توند و تێچوو بخەنە سەر کردەوەکانی ڕێژیم و دەرفەتی بەکارهێنانی مووشەک، درۆن و کردەی تێرۆریستیی لێ بستێنن.
ئێمە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری تازەترین شەهیدانمان، هاوسەنگەرانیان و هەموو خەڵکی کوردستان، دڵنیا دەکەینەوە کە هێرشی ترسنۆکانەی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوامترمان دەکات. هەروەک جاران بە ئیرادەی تێکۆشەرانی دێموکرات و پشتیوانیی بێپایانی خەڵکی کوردستان، لە خەباتی شێلگیرانەمان بەردەوام دەبین و ڕێبازی هەموو شەهیدانی گەلەکەمان درێژە پێ دەدەین.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی