کوردانی نیشتەجێی وڵاتی سویس لە خۆپیشاندانێکدا، هێرشە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باشووری کوردستان مەحکووم کرد.
ڕۆژی شەممە، ٢٩ی خاکەلێوە، لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس، کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە لەبەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە شاری بێرن کۆبوونەوە.
بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی درووشمی شۆڕشگێڕی، ناڕەزایەتییان بەرامبەر هێرشە ناجوامێرانەکانی تاران و بە ئامانجگرتنی پەنابەرانی کورد دەربڕی.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاوەستان بۆ خولەکێک بێدەنگی وەک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێز مەلا عەزیز ئەحمەدی، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب لە سویس، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی تیرۆر و کۆمەڵکوژیی کۆماری ئیسلامی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم تاوانانە ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد بۆ ئازادی تێک بشکێنن.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو شایستە وەتمانی، ئەندامی کۆمیتەی یەکیەتی ژنان لە سویس خوێندرایەوە، کە تێیدا سەرکۆنەی ئەو تاوانە مرۆییانە کرا.
نێوئاخنی خۆپێشاندانەکە بە چەندین سروودی نیشتمانی و درووشمی شۆڕشگێڕانە دژی کۆماری ئیسلامی درێژەی کێشا و بەشداربووان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی تاران دابنێن.
